ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هۆشداری لە فێڵکردنی ئەلیکترۆنی دەدات


رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هۆشداری لە زیادبوونی فێڵکردنی دارایی ئەلیکترۆنی دەدات و دەڵێت، لە کەرکووک و دیالە چەندین تۆمەتباریان دەستگیرکردووە سەتان ماستەرکارد و سیمکارتیان پێبووە.
 
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، رۆژی شەممە، 9ـی ئایاری 2026، بە رووداوی راگەیاند: "دەزگاکەمان تێبینی زیادبوونی فێڵکردنی دارایی ئەلیکترۆنی کردووە کە زیاتر لە رێگەی هەژمارەکانی سۆشیاڵ میدیاوە دەکرێن. هەندێک کەس و لایەن خۆیان وەک بانکی نێوخۆیی و بیانی دەناسێنن و بانگەشەی پێدانی قەرز یان دەرفەتی وەبەرهێنانی وەهمی دەکەن، ئەوەش بە مەبەستی راکێشانی سەرنجی خەڵک و بردنی پارە و زانیارییە بانکییەکانیان."
 
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی ئەو باندانە، ئەرشەد حاکم رایگەیاند: "فێڵبازەکان پەنا دەبەنە بەر رێگەی راکێشانی سەرنج لە رێگەی رێکلامی سەرنجڕاکێشەوە کە بەڵێنی قەرزی ئاسان یان پێدانی پارەی بێبەرامبەر یان فرۆشتنی دۆلار بە نرخێکی کەم دەدەن، پاشان هاووڵاتییەکان ئاراستەی ماڵپەڕە ساختەکان دەکەن بۆ بەدەستهێنانی زانیارییە کەسییەکان یان وردەکارییەکانی کارتی بانکی، ئەمەش دەبێتەهۆی بردنی مووچە یان ئەنجامدانی گواستنەوەی دارایی بێ ئاگاداری خاوەنەکانیان."
 
گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتیشی، هێزەکانیان لە پارێزگای دیالە توانیویانە تۆڕێکی قاچاخچێتی دراو هەڵبووەشێننەوە کە لەنێوان بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی ناوچەکەدا چالاک بوو و کارتی (ماستەرکارد)ی بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بەکارهێناوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ئۆپەراسیۆنەدا دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون و دەست بەسەر ژمارەیەک کارتیشدا گیراوە کە بۆ قاچاخچێتی ئامادەکرابوون.
 
ئەرشەد حاکم دەڵێت: "هێزەکانی دەزگاکە لە کەرکووکیش توانییان تۆڕێکی دیکە کە لە شەش تۆمەتبار پێکهاتبوو، هەڵبووەشێننەوە، کە 251 کارتی ماستەرکارد و 252 سیمکارتیان پێبوو و بۆ قاچاخچێتی دراوی بیانی و فێڵکردنی دارایی بەکاریان دەهێنان." 
 
ئەرشەد حاکم ئاماژەی بەوە کرد، هەموو تۆمەتبارەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.
 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی هۆشداری لە مەترسییەکانی "Deepfake" دەدات، کە تێیدا تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد بۆ گۆڕینی دەنگ و رەنگ بەکاردەهێنرێ. گوتەبێژەکەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت: "ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ چەواشەکاری و نانەوەی پشێوی بەکاردەهێنرێ". 
 
لەبارەی ئەو بابەتەوە رێبینی نەجات، خاوەن نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە کەرکووک بە رووداوی گوت: "ئەو کەسانەی فێڵ دەکەن، زیاتر لە رێگەی پەیجی وەهمی و بە ناوی کۆمپانیای بەناوبانگەوە نامە بۆ خەڵک دەنێرن، بەناوی پێدانی سولفە و قەرزەوە کۆدی مۆبایلیان لێ وەردەگرن و پارەکانیان دەبەن." 
 
هاونیشتمانییەکی خەڵکی کەرکووکیش لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت: "رۆژی هەینی کەسێک پەیوەندی پێوە کردم و داوای کۆدی ماستەرکارتەکەمی کرد کە گوایە کێشەی تێدایە و بۆم چاک دەکات. دواتر گوتی کارتەکەت پارەی تێدا نییە و ئەگەر ملیۆنێکی تێبکەیت دەتوانین چاکی بکەین، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت کە فێڵم لێ دەکرێ."