تەندروستیی عێراق لەبارەی ڤایرۆسی هانتا: رێکاری پێشوەختەمان گرتووەتەبەر
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کە تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی (هانتا) لە تۆمار نەکراوە. دەشڵێت، هەموو رێکارە پێشوەختەکانیان بۆ گرتنەبەری ئامادەکاریی تەواو گرتووەتە بەر.
رۆژی شەممە، 9ی ئایاری 2026، سەیف بەدر، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق سەبارەت بە ڤایرۆسی هانتا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتەکەیان بەردەوامە لە بەدواداچوونی دوایین پێشهاتەکان و "هەموو رێکارە پێشوەختەکانیان بۆ گرتنەبەری ئامادەکاریی تەواو" گرتووەتە بەر.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، سیستەمی چاودێریی پەتاکان لە عێراق "بەهێز کراوە" و گشتاندن بۆ بڵاوکراوە زانستییەکان لەبارەی ئەم نەخۆشییە بۆ تەواوی فەرمانگە و دامەزراوە تەندروستییەکان کراوە. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی ئاشناکردنی کارمەندانی تەندروستییە بە رێگەکانی گواستنەوە، خۆپارێزی و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە لەنێو ناوەندە تەندروستییەکاندا.
بە گوتەی دکتۆر سەیف بەدر، ڤایرۆسی هانتا لە جۆری ئەو ڤایرۆسانەیە کە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. "ئەم ڤایرۆسە بە شێوەیەکی سروشتی لە جەستەی قرتێنەرەکاندا (وەک مشک و جرج) هەیە و هەندێکجار بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی روونی کردەوە کە شێوازی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەپێی ناوچە جوگرافییەکان و جۆری خودی ڤایرۆسەکە دەگۆڕێت.
لەبارەی مەترسیی ئەم ڤایرۆسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لە ئێستادا ئاستی مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەی لەسەر ئاستی جیهان بە "نزم" پۆلێن کردووە.
بڕیارە سبەی یەکشەممە، کەشتیی گەشتیاریی هۆندیۆس بگاتە کەناراوەکانی دوورگەی تێنێریف لە ئیسپانیا. لەم کەشتییەدا ڤایرۆسی هانتا (جۆری ئەندێز) بڵاوبووەتەوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سێ سەرنشینی ئەڵمانی و هۆڵەندی.
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، پەیامێکی ئارامکەرەوەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "پێویستە بە ڕوونی گوێتان لێم بێت؛ ئەمە کۆرۆنایەکی دیکە نییە." ئەدهانۆم جەختی کردەوە کە مەترسیی ئەم ڤایرۆسە لە ئاستێکی "نزم"دایە و وەک ساڵی 2020 جیهان ناخاتە مەترسییەوە.