کۆبوونەوەی هادی عامری و نوێنەرانی پارتی و یەکێتی کۆتاییهات
رووداو دیجیتاڵ
بۆ رێککەوتن لەسەر ماددەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان، هادی عامری وەکو نوێنەری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەرانی پارتی و یەکێتی کۆبووەوە. پەیامنێری رووداو دەڵێت، ناچارکردنی هەرێمی کوردستان بە پێدانەوەی 10%ـی پاشەکەوتی مووچە بێ تەرخانکردنی پارە بۆی و مامەڵەی راستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگای سلێمانی بە دەستکارییەوە دەنگی لەسەر دەدرێت.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆری میدیایی رووداو لە بەغدا لەسەر نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی هادی عامری و نوێنەرانی پارتی و یەکێتی گوتی، کۆبوونەوەکە یەکلاکەرەوە بوو و لەسەر سێ خاڵی سەرەکی کە ناکۆکییان لەسەر بوو، گفتوگۆ کراوە.
لەبارەی خاڵەکانەوە پەیامنێری رووداو گوتی، لەگەڵ بەشدارانی کۆبوونەوەکە گفتوگۆی کردووە و یەکێکیان گوتوویەتی، مامەڵەی راستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگای سلێمانی کە ناکۆکی لەسەر بووە قسەی لەسەر کراوە و دەمێنێتەوە، بەڵام "گۆڕانکاری" تێدا دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە بەغدا، ناچارکردنی هەرێمی کوردستان بە پێدانەوەی 10%ـی پاشەکەوتی مووچە بێ تەرخانکردنی پارە بۆی کە ئەمەی دوایی داوای پارتی بوو، دەمێنێتەوە.
هەڵکەوت عەزیز ئاماژەی بەوەکرد، نوێنەرانی کورد داوایان کردووە، تێچووی دەرهێنانی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت کە گوتراوە هەمان ئەو پارە بێت بۆ دەرهێنانی نەوتی پارێزگاکانی دیکەی عێراق تەرخان بکرێت، بەڵام نوێنەرانی کورد دەڵێن تێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاترە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 06:00، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە بەڕێوەبچێ؛ پەیامنێری رووداو گوتی، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ پڕۆژەیاساکە پەسند بکرێت و هەر لایەنێک بڕگەیەکی بودجەکەی بە دڵ نەبێت تەنیا دەتوانێت دەنگ بەو بڕگەیە نەدات.