لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە بەغدا چوار کرێکارى بیانى گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
ئاگرێک لە کۆگەیەکى بەغدا کەوتەوە و بەهۆیەوە چوار کرێکارى بیانى گیانیان لەدەستدا. بەگوتەى بەرپرسێکى بەرگریى شارستانیى عێراق، ئەو چوار کرێکارە عەرەبن و بەهۆى دووکەڵى ئاگرەکەوە خنکاون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـى حوزەیرانی 2024، ئاگر لە کۆگەیەکى ناوچەى نەهزەى بەغداى پایتەختی عێراق کەوتەوە و بەهۆیەوە چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا.
نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو چوار کرێکارەى گیانیان لەدەستداوە عەرەبی دەرەوەى عێراقن و بەهۆى دووکەڵى ئاگرەکەوە خنکاون".
ئاگرەکە لە کۆگەیەکدا کەوتەوە کە بە جەمەلۆن دروستکراوە و چوار بەش بووە، جلوبەرگ و ئێکسسوارات و بۆنى تێدا هەڵگیراوە.
نەواس سەباح شاکر گوتى "لێکۆڵینەوە لە هۆکارى سەرەکیى ئاگرکەوتنەوەکە دەکرێت. بەکارهێنانى سەندویچ پەنەڵ لە دروستکردنى ئەو کۆگایە، هۆکار بووە بۆ تەشەنەسەندنى ئاگرەکە و مەرجى سەلامى تێدا نەبووە".
بەگوێرەى رێنماییەکانى بەرگریى شارستانیى عێراق، بەکارهێنانى سەندویچ پەنەڵ و ئەلیکۆبۆن لە دروستکردنى بینا و باڵەخانەدا قەدەخەیە، چونکە زوو گڕدەگرن.
بەرپرسەکەى بەرگریی شارستانیى عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 40 تیمیان بەشداربوون لە کوژارندنەوەى ئاگرەکە، تاوەکو تەشەنە نەکات بۆ کۆگەکانى دەوروبەرى.