گفتوگۆ بۆ یەکلاییکردنەوەى پۆستە هەڵپەسێردراوەکانى نەینەوا دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا دەڵێت، "دواى جەژنى قوربان، گفتوگۆ بۆ یەکلاییکردنەوەى سێ پۆستى ئەو پارێزگایە دەستپێدەکات کە تاوەکو ئێستا دەستبەکاربوونی بەرپرسەکانیان یەکلایی نەبووەتەوە."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 9ى حوزەیرانى 2025 محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دواى پشووى جەژنى قوربان، گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکان دەستپێدەکات بۆ یەکلاییکردنەوەى ئەو پۆستانەی گۆڕانکارییان تێدا کراوە و بەرپرسەکانیان دەستبەکارنەبوون."
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا 1ى تەممووزى 2024 گۆڕانکاریی لە سەرۆکى 20 یەکەى کارگێڕی کرد، 9ی نیسانى 2025 پارێزگارى نەینەوا دەستى بە دەرکردنى بڕیارى دەستبەکاربوونى ئەو کەسانە کرد کە ئەنجوومەنى پارێزگا دەنگى لەسەردابوون، بەڵام تائێستا قایمقامەکانى مەخموور، شنگال، بەعاج یەکلایی نەبوونەتەوە، بەهۆى ئەوەى ناکۆکییان لەسەرە.
 
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، "بۆ مەخموور دانوستاندن لەنێوان پارتى و یەکێتى دەکرێت؛ بۆ پۆستى قایمقامى شنگال، هاوپەیمانیى عەقدى وەتەنى و پارتى گفتوگۆ دەکەن."
 
ئەو بەربژێرەى بۆ قایمقامى مەخموور دەنگى لەسەردراوە لە پشکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و بەربژێرى قایمقامى شنگالیش سەر بە عەقدى وەتەنییە.
 
بە گوتەى ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا، یەکێک لە سیناریۆکان بۆ رێککەوتن ئەوەیە پۆستى دیکە لەبرى ئەو دوو قایمقامە لە نەینەوا بدرێتە پارتى.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرسی پارتى دیموکراتى کوردستان لە نەینەوا ئەنجامدانى ئەو گفتوگۆیەی پشتراست کردەوە و گوتى، "ئەگەر هەیە قایمقامى شنگال بگۆڕدرێت، بەهۆى ئەوەى رێککەوتنى شنگال جێبەجێ نەکراوە."
 
رێککەوتنى شنگال لە ساڵى 2020 لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆ کرا بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى قەزاکە لە رووى ئەمنى و کارگێڕییەوە.