لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی بەسرە 6 کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

درەنگی شەوی رابردوو لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی نێوان میسان - بەسرە  شەش کەس گیانیان لەدەستدا. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای میسان لە باشووری عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رێگەی نێوان پارێزگاکانی میسان و بەسرە، ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی جۆری هیوندای ئەکسێنت و بارهەڵگرێکی جۆری ئەکترۆس پێکیانداداوە.
 
لەبارەی هۆکاری رووداوەکە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی میسان دەڵێت، "بەهۆی تیژڕۆیی و تەقینی تایەکەیەوە هیواندی ئەکسێنتەکە لە رێگەکە لایداوە و چووەتە سەر رێگەی بەرامبەر و خۆی بە بارهەڵگرەکەدا کێشاوە و بەو هۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستداوە". 
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی رابردوو لە عێراق 11 هەزار و 523 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەو هۆیەوە و سێ هەزار و 79 کەس گیانیان لەدەستداوە.