گواستنەوەى دەنگدەران لە نێوان پارێزگاکانى عێراق دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق نوێکردنەوە و گواستنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى لەنێوان پارێزگاکانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەستپێکرد ، بەڵام پرۆسەکە گواستنەوەى دەنگدەران بۆ پارێزگاکانى کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و بەپێچەوانەوە ناگرێتەوە.
 
رۆژی 9ى تەمموزى 2023 عادل جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە پڕۆسەى نوێکردنەوەى گواستنەوەى تۆمارى دەنگدەران لە نێوان پارێزگاکانى عێراقدا بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان دەستیپێکرد و پرۆسەکەش تاوەکو 7ى ئابى 2023 بەردەوام دەبێت.
 
بڕیارە 18ى کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت.
 
عادل جەمیل ئاشکرای کرد، پرۆسەى گواستنەوەى تۆمارى دەنگدەران 11 پارێزگا دەگرێتەوە، بەڵام ئەو گواستنەوەیە پارێزگاکانى کەرکووک، دیالە، نەینەوا و سەڵاحەدین بەپێچەوانەوە ناگرێتەوە.
                
بۆ یەکەمجار لەدواى ساڵى 2005، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا لە کەرکووک دەکرێت، کە یەکێک لەهۆکارەکانى نەکردنی لەماوەى 18 ساڵى رابردوودا ناکۆکى بوو لەسەر تۆمارى دەنگدەران.
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق گوتى: "گواستنەوەى تۆماری دەنگدەران لەنێو قەزا و ناحیەکانى نێو ئەو چوار پارێزگایە ئاساییە."