وەزارەتى نەوتى عێراق و تۆتاڵی فەرەنسی چوار گرێبەست واژۆ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی دووشەممە، 10ى تەمموزی 2023 وەزارەتى نەوتى عێراق و کۆمپانیاى تۆتاڵى فەرەنسی چوار گرێبەست لەبوارى بەرهەمهێنانى نەوت و گاز کارەبا واژۆ بکەن کە بەهاکەى دەگاتە نزیکەى 27 ملیار دۆلار.
نەهرۆ رواندزى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: کاژێر 10ى بەیانى رۆژی دووشەممە 10ى تەمموز، گرێبەستەکانى نێوان وەزارەتى نەوت و کۆمپانیاى تۆتاڵى فەرەنسی لە باڵەخانەى وەزارەتى نەوت واژۆ دەکرێن و سەرۆک و جێگرانى لیژنەى نەوت و گازیش ئامادەى دەبن.
نەهرۆ رەواندزى ئاشکرایکرد، کە گرێبەستەکە درێژخایەنە و بەهای گرێبەستەکە دەگاتە 27 ملیار دۆلار، پێشتر گفتوگۆ و رێککەوتنى بەرایی لەبارەیەوە کراوە.
ئەو چوار گرێبەستە لەلایەن حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوت و نوێنەرانى کۆمپانیا فرەنسییەکە واژۆ دەکرێن، بەشێک لە گرێبەستەکان تایبەتن بە پەرەپێدانى گاز و بەرهەمهێنانى گازى هاوەڵى کێڵگەکانى نەوتى بەسرە، کە بەدوو قۆناخ دەکرێت و بەبڕى 600 ملیۆن پێ سێجا، هەروەها یەکێک لە گرێبەستەکان تایبەتە بە پەرەپێدانى کێڵگەى نەوتى ئەرتاوى لە پارێزگا بەسڕە بەمەبەستى زیادکردنى داهاتەکەى ئەوە جگە لە پڕۆژەى بەرهەمهێنانى کارەبا لە رێگەى تیشکى خۆرەوە بە بڕى یەک گێگاوات و گواستنەوەى ئاوى دەریا بۆ کێڵگەکانى نەوتى بەسرە.
لە مانگى ئەیلولى 2021 ئیحسان عەبدولجەبار وەزیرى نەوتى عێراق گرێبەستى هاوبەشى لەگەڵ کۆمپانیاى تۆتاڵ واژۆکرد، وەک دەستپێکى گرێبەستى درێژخایەن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە کە لە چوار گرێبەستى سەرەکى پێکدێت.