سوودانى: دەوڵەت بەرپرسە لە بڕیاری ئاشتی و جەنگ
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت بەپێی پلانێک کار دەکات بۆ سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت و گوتى: "دەوڵەت بە دامەزراوە فەرمییەکانییەوە بەرپرسە لە بڕیاری ئاشتی و جەنگ".
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم گوتانەی ئەمڕۆ چوارشەممە ئەم قسانەی لە ناحیەى حەیدەرییەی پارێزگاى نەجەف لە گردبوونەوەیەکی عەشایەری کرد.
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتى: "رێگە بە هیچ لایەنێک نادەین موزایەدە لەسەر بنەما نەگۆڕەکانمان بکات، بەتایبەتی کاتێک باس لە سەروەریی یاسا دەکرێت، کە هەمووان دەپارێزێت، دەوڵەت بە دامەزراوە فەرمییەکانییەوە بەرپرسە لە بڕیاری ئاشتی، جەنگ و پەیوەندییەکانی دەرەوە".
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند؛ سنووردارکردنی چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەت، یەکێکە لە بنەماکانی دەوڵەتسازی و حکومەت بەپێی پلانێک بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە بەردەوامە، گوتیشی: "عێراق لە ناوچەیەکدایە پڕە لە تووندوتیژی و جەنگ تێیدا دەستیپێکردووە."
سوودانى رایگەیاند، بەرنامەکەیان لەگەڵ ئەو بنەما سەرەکییانەدا یەکدەگرێتەوە، کە مەرجەعیەتی باڵا رایگەیاندوون و کارە لەپێشینەکانیان بریتییە لە پاڵپشتیکردنی دەوڵەت و سەروەرییەکەی، لە رێگەی رێزگرتن لە یاسا و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.