پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکەنەوە، ئەوەش دوای تەواوبوونی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن.
بەپێی بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ پەرلەمان کۆدەبێتەوە و دەنگ بە دوو پڕۆژەیاسا دەدات کە بریتین لە پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای دڵنیایی بەرپرسیارێتیی کەسیی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە 47ـی 1990؛ پڕۆژەیاسای چارەسەرکردنی ماوەی رادەستکردنی داواکاریی نووسراو لە یاسای ژمارە 13ـی 2016ـی هەمواری یەکەمی یاسای خاوەندارێتی بەڵگەنامە کە ناوی خوازراو بەکارهاتووە لەلایەن ئاوارە و کۆچبەران ژمارە 79ـی 2012.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ دوو پڕۆژەیاسا دەکرێت کە پەیوەندییان بە لایەنی تەندروستییەوە هەیە و بریتین لە پڕۆژەیاسای خۆپارێزگاری لە زیانەکانی تووتن؛ پڕۆژەیاسای تەندروستیی دەروونی.
ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە، 9ـی ئەیلوولی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئامانج لە پڕۆژەیاسای تەندروستیی دەروونی، رێکخستنی کاروباری تەندروستیی دەروونییە لە عێراق و پاراستنی مافی ئەوانەی تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبن لەگەڵ ئەوانەشی کاری چارەسەرکردنی دەروونی دەکەن، بەتایبەتی هیچ هاندانێک بۆ ئەو پزیشک و کەسانە نییە کە لەوبوارەدا کاردەکەن، بۆیە پڕۆژەیاساکە هاندانە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە بواری تەندروستیی دەروونی کاربکەن و رێکخستنی و چاودێریی ئەوانەشی کە تووشی نەخۆشیی دەروونی بوون و دەبن".
سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، کێشانی جگەرە، بابەتێکی دیکەیە کە پێویستی بە رێکخستنەوەیە و بەپێی پڕۆژەکە، کێشانی جگەرە لە شوێنی گشتی پێبژاردنی لەسەرە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەی دووەمیش بۆ دوو پڕۆژەی دیکە دەکرێت کە بریتین لە پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەستبەرداگرتنی موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی بەرپرسانی دەسەڵاتی پێشوو ژمارە 72ـی 2017؛ هەروەها پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای پێدانی میدالیا.