وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: هاوردەکردنی مریشکی بەستوو قەدەخە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزاری عێراق بۆ ئابووری، هاوردەکردنی هەموو جۆرە مریشکێکی بەستوو قەدەخە دەکات. سەرەڕای تێپەڕینی نزیکەی شەش ساڵ لە قەدەخەکردنی، بەڵام هێشتا هاوردەکردنی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
 
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاندووە، "بەمەبەستی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و بەرهەمهێنەرانی پەلەوەر و بە پێشنیازی عەباس جەبر مالیکی، وەزیری کشتوکاڵ، ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری دەنگی لەسەر قەدەخەکردنی هاوردەکردنی مریشکی بەستووی تەواو، پارچەکراو و بەرهەمەکانی مریشک داوە."
 
وەزارەتەکە دەشڵێت، "ئەم بڕیارە دوای 45 رۆژ لە دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت، کە دەرفەت بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدات رێکاری پێویست بگرنەبەر."
 
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 2019ـەوە بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەی مریشکی بەستوو و مریشکی بەستووی پارچەکراو داوە و ئەو هاوردەیەی کە ئێستا دەکرێت، لە دەرەوەی مۆڵەتی وەزارەتە."
 
بەڵام نازم عەبدوڵڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و ‏گەرمیان بێ هیوایە لەوەی ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت و دەڵێت، ئەو بڕیارە دەمێکە دراوە، لە عێراق جێبەجێ دەکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان کاری پێناکرێت. "جێبەجێکردنی بڕیارەکە کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕی مریشکی زیندوو دەبێت."
 
نازم عەبدوڵڵا گوتی، "هێندە مریشکی بەستوو و مریشکی پارچەکراو هاوردە کراوە، کۆگەکان بەشی ساڵ و نیوێک زیاتریان تێدا هەڵگیراوە."
 
لە هەرێمی کوردستان، خواستی زۆر لەسەر مریشکی زیندووە بەراورد بە بەستوو. بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
 
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان:
 
- هەولێر: 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی: 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک: 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە: 35 پەلەوەرخانە