عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر دەکات و بە "کارێکی ترسنۆکانە" ناوی دەبات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشەکە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی دەوڵەتی قەتەرە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرییەکەی."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رۆژی سێشەممە، 9ی ئەیلوولی 2025، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەم دەستدرێژییە درێژکراوەی سیاسەتی کوشتن و ئاوارەکردنی سیستماتیکییە کە هێزی داگیرکەر دژی گەلی فەلەستین پەیڕەوی دەکات و ئاسایش و ئاشتیی هەرێمی و نێودەوڵەتی رووبەڕووی گرژیی زیاتر دەکاتەوە."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی حکومەت و گەلی قەتەر دەکاتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک کە سەروەری یان ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە بکاتە ئامانج.
هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەستۆ بگرێ و سنوورێک بۆ "ئەو دەستدرێژییە دووژمنکارانە" دابنێت.
هێزی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل باڵەخانەیەکی لە دەوحەی قەتەر بۆردوومان کرد و باس لەوە دەکرێ، کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەی حەماس کراوەتە ئامانج.
سوپاسی ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەوە دەڵێت: "هێرشێکی وردمان ئەنجامدا و سەرکردایەتیی باڵای رێکخراوی تیرۆریستیی حەماس کرایە ئامانج". دەشڵێت، بۆ چەندین ساڵ، ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتیی حەماس سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەماسیان کردووە و راستەوخۆ بەرپرس بوون لە کۆمەڵکوژییەکەی 7ی ئۆکتۆبەر.
ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حەماس کە لە دەرەوە دەژین، بریتین لە محەممەد دەروێش، سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورا، خەلیل حەییە، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری حەماس، زاهیر جەبارین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی نووسینگەی شەهیدان، برینداران و زیندانییەکان کە هاوکات بەرپرسی بواری دارایی بزووتنەوەکەیە. نزار عەوزەڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و خالید مەشعەل، کەسایەتیی دیاری بزووتنەوەکە کە زۆرجار وەک کەسی یەکەمی حەماس لە دەرەوە دادەنرێ.