حکومەتی عێراق بڕیاریدا چوار شاری نیشتەجێبوون دروست بکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا چوار شاری نوێی نیشتەجێبوون دروست بکرێت و 50 ملیار دیناریش بۆ دروستکردنی 100 بنکەی نوێی بەرگریی شارستانی و کڕینی ئوتۆمبێڵی نوێی ئاگرکوژێنەوە تەرخان بکرێت. هەروەها هاوردەکردنی بەرهەمەکانی وەکو شەربەت، ساردەمەنی، هەویرکاری و هەموو جۆرەکانی کێک قەدەخە بکرێن.
بەگوێری راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 09-10-2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و چەندین بڕیاردران و پەسندکران لەوانە:
ئەنجوومەنەکە 25 ملیار دیناری بۆ دروستکردنی 100 بنکەی نوێی بەرگریی شارستانی لە تەواوی عێراق تەرخانکرد، لەگەڵ 25 ملیاری دیکە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلی نوێی ئاگرکوژێنەوە بە هەموو پێویستییەکانیەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا رەزامەندی دراوە، بۆ دروستکردنی چوار شاری نوێی نیشتەجێبوون لەلایەن کۆمپانیا بیانی و خۆجێیەکان کە بریتین لە: شاری جەواهیریی نوێ لە پارێزگای بەغدا، غەزلانی نوێ لە پارێزگای نەینەوا، جەنائینی نوێ لە پارێزگای بابل و زیفاف کەربەلای نوێ لە پارێزگای کەربەلا. رێژەی 15٪ی یەکەکانی نیشتەجێبوونیش بۆ دەوڵەتە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی باڵەخانەی قوتابخانەکان، ئەنجوومەنی وەزیران راسپاردەکانی کۆبوونەوەی دابینکردنی زەوی کشتوکاڵی بۆ دروستکردنی قوتابخانە پەسندکرد. هەروەها ئەنجوومەنەکە دەسەڵاتی دایە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ دانوستاندن و واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپی.
بۆ دابیکردنی جۆرەکانی خۆراکی فۆرمی خۆراک ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا یەک ملیار و 320 ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیای گشتیی بازرگانی خۆراک سەر بە وەزارەتی بازرگانی تەرخان بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بۆ پشتیوانی لە بەرهەمی نێوخۆیی، ئەنجوومەنی وەزیران راسپاردەکانی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی پەسندکرد لەبارەی قەدەخەکردنی هاوردەکردنی شەربەت، ساردەمەنی و هەموو جۆرەکانی کێک.
بەپێی بڕيارەکە بەرهەمەکانی شەربەت، ساردەمەنی، هەویرکاریی و هەموو جۆرەکانی کێک لە لیستی کاڵا هاوردەکراوەکان دەردەهێنرێت، دوای ساڵێک پێداچوونەوە بە بڕیارەکە دەکرێت لەلایەن وەزارەتی پیشەسازیی و کانزاکان هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەرییەکانی بە ئەرێنی و نەرێنی بۆ سەر بازاڕی نێوخۆیی دەکرێت، ئەگەر ئەرێنی بوو بڕیارەکە بەردەوام دەبێت، بڕیارەکە دوای 90 رۆژ لەپەسندکردنی جێبەجێ دەکرێت لەبارەی هەویرکاریی و هەموو جۆرەکانی کێک، لەکاتێکدا کارکردن بە قەدەخەکردنی شەربەت و ساردەمەنیی بەردەوام دەبێت کە ئێستا کاری پێدەکرێت.
ئەنجوومەنەکە رەزامەندی دا بە دامەزراندنی کۆمپانیایەکی گشتی بەناوی (کۆمپانیای ماس، بۆ بازرگانیی گشتیی و بەڵێندەرایەتی و جێبەجێکردنی پرۆژەکانی بەرگری) بە سەرمای 20 ملیار دینار، کۆمپانیاکە سەر بە وەزارەتی بەرگری دەبێت. هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دا لەسەر چوونی عێراق بۆ نێو رێککەوتنامەی پارس 1928 و رەوانەکردنی پرۆژەکە بۆ پەرلەمان بە مەبەستی پەسندکردنی.