وەزیری دەرەوەی سعودیە گەیشتە بەغدا

رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری دەرەوەی سعودیە بە سەردانێک گەیشتە عێراق و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن هاوتا عێراقییەکەی پێشوازی لێکرا. 
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی شانشینی عەرەبی سعودیە بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و لەلایەن فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا پێشوازی لێکراوە. 
 
بڕیارە وەزیرانی هەردوو وڵات، دۆسیە هاوبەشەکانی نێوانیان، لەوانە ئابووری، وەبەرهێنان و دۆسیەی ئەمنی، هەروەها پەرەسەندنەکانی ئەم دواییانەی فەلەستین تاوتوێ بکەن. 
 
حەيان عەبدوغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، رۆژی 26-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ سعوديه رێککەوتنمان لە زۆر بوار ئیمزاکردووە؛ لەوانە بواری وەبەرھێنان و بەشداری لە بەرەوپێشبردنی کێڵگەی نەوتی عەکاز". هەروەها گوتی لەگەڵ کۆمپانیای ئارامکۆ رێککەوتن دەکەین بە ئامانجی وەبەرھێنان لە گازدا.
 
عێراق و سعودیە نزیکەی 830 کلیۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە. ئەنجوومەنی ھاریکاریی سعودی - عێراقی لە ساڵی 2017 بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی سعوديه و عێراق لە بوارە جیاجیاکان دامەزراوه.
 
ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان سعوديه و عێراق لە ساڵی 2022دا گەیشتووەتە 1.5 ملیار دۆلار، بەڵام سعوديه دەیەوێت بۆ ئەم ساڵ بیگەیێنێتە 5 ملیار دۆلار.