وەزارەتی دادی عێراق: لە ماوەی سێ ساڵدا 32 سكاڵای یاسایی نێودەوڵەتی دژ بە عێراقمان بردووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دادی عێراق، لە ماوەی سێ ساڵدا، 32 کەیسی نێودەوڵەتی دژ بە عێراق بردووەتەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەت بۆ رووداو گوتی بەهۆیەوە توانیویانە بڕی زیاتر لە دوو ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بپارێزن. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ی تشرینی یەکەمی 2025، موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق بە تۆڕی مدیایی رووداوی راگەیاند، کە وەزارەتی داد لایەنی پەیوەندیدارە بۆ ئامادەبوونی لەبەردەم دادگە نێودەوڵەتییەکان لەبەرامبەر هەر دۆسییەکی تایبەت بە دامەزراوەکانی دەوڵەت.
 
ساعدی گوتیشی "وەزارەت توانیویەتی 32 سکاڵای یاسایی بباتەوە، کە کۆی گشتیی بڕی پارێزراو دەگاتە نزیکەی 2 ملیار و 599 ملیۆن دۆلار و 40 ملیۆن یۆرۆ ".
 
موراد ساعدی ئەوەشی گوت، "ئەم دەستکەوتە لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا (2023، 2024، 2025) لە رێگەی فەرمانگەی یاسایی/ بەڕێوەبەرایەتی داوا یاساییە دەرەکییەکانەوە بەدەستهاتووە، ئەم بڕە پارانە لەلایەن لایەنە بیانییەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانەوە لە دژی دەوڵەتی عێراق لەبەردەم دادگاکان و دەستەکانی ناوبژیوانی نێودەوڵەتیدا داوا دەکران".
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق ئاماژەی بەوەشدا "فەرمانگەی یاسایی، میکانیزمی پێشکەوتوو بەکاردەهێنێت لە چاودێریکردن و دانوستاندن لەسەر بنەمای ستانداردە یاساییە نێودەوڵەتییەکان، بە هاوئەهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت، بە ئامانجی پاراستنی سامانی گشتی و بەهێزکردنی پێگەی یاسایی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی".