کۆمیسیۆن: کەس ناتوانێ بە کارتی کەسی دیکە دەنگ بدات

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، بەهۆى هاوتاکردنى پەنجەمۆر و وێنەى خاوەنى کارتەکە، ناتوانرێت کارتى بایۆمەتریی دەنگدانى کەسێک لەلایەن کەسێکى دیکەوە بەکاربهێنرێت، کە دواى دەنگدان تاوەکو 72 کاژێر کارناکات.
 
دەستگیرکردنى 46 تۆمەتبار لە 4ـی تشرینى یەکەم لەلایەن دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیی عێراقەوە بەتۆمەتى کڕین و فرۆشتنى کارتى بایۆمەترى دەنگدان، دەرگاى بەڕووى ئەگەرەکانى بەکارهێنانى ئەو کارتەى دەنگدانە کردەوە لەکاتى هەڵبژاردن لەلایەن کەسێکى دیکەوە جگە لە خاوەنەکەى.
 
ئەو هەڵمەتانەى هێزە ئەمنییەکان بۆ رێگرى لە کڕین و فرۆشتنى زیاتر لە 1841 کارتى دەنگدان بوو، بەڵام کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان دووپاتی دەکاتەوە کە "مامەڵەکردن بەو کارتانەوە بێسوودە".
 
پێنجشەممە 9ى تشرینى یەکەمى 2025، حەسەن زایر، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند:" جگە لە خاوەنى کارتى بایۆمەترى دەنگدان کەسێکى دیکە لەبرى ئەو ناتوانێت دەنگ بدات، بەهۆى ئەوەى لە دەنگدانى ئەلیکترۆنى پەیوەندییەکى سێ کوچکەیى لە نێوان دەنگدەر و ئامێرى دەنگدان و کارتى بایۆمەترى هەیە، بەوەى زانیارى و وێنە و پەنجەمۆرى دەنگدەر لە ئامێرەکەدا هەیە و لەکاتى دەنگدان دەبێت هاوتا بن."
 
زیاتر لە 21.4 ملیۆن هاووڵاتیى عێراق کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان هەیە کە دەتوانن بەشداربن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کە لە 11ى تشرینى دووەم دەکرێت.
 
حەسەن زایر گوتى: "ئەو کەسەى دەنگ دەدات، کارتەکەى راستەوخۆ بۆ ماوەى 72 کاژێر لەکار دەکەوێت کە ئەوەش گەرەنتییەکى دیکەى بەکارنەهێنانەوەی کارتەکەیە."
 
ئەو کارتەى دەنگدان، زانیاریى تەواوى دەنگدەر، پەنجەمۆر و وێنەکەى تێدایە، کارمەندى سەر سندووقى دەنگدان دەبێت لەکاتى وەرگرتنى کارتەکەى و خستنەناوەوەى بۆ ناو ئامێرى دەنگدان بەراوردى زانیارییەکانى بکات و هاوتا بن.
 
ئەو ئەندامەى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق گوتى: "ئەو کەسانەى کارتى دەنگدانیان کڕیوەتەوە بۆ دوو ئامانجە، یەکەمیان رێگرى لە دەنگدانى هەندێک کەس کە بەربژێرەکە پێیوایە دەنگ بە لیستێکى دیکە دەدەن. دووەمیان فریودانیانە بۆ ئەوەى دەنگى پێبدرێت، ئەگەر نا رێگە نادرێت مۆبایل ببرێتە شوێنى دەنگدان لەکاتى هەڵبژاردندا تاوەکو بسەلمێنرێت دەنگى بە کێ داوە."
 
زیاتر لە 7 هەزار بەربژێر رکابەرى دەکەن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق. دەنگدانى تایبەتى ئەو هەڵبژاردنە رۆژێک بەر لە دەنگدانى گشتى دەکرێت و کارتى دەنگدانیشیان جیاوازە لە دەنگدانى گشتى.