بایکۆت لە قەڵای سەدرییەکان: "فەرمان لە دەست سەید موقتەدایە"
رووداو دیجیتاڵ
شاری سەدر (مەدینە سەدر) لە بەغدا، کە بە قەڵای رەوتی نیشتمانیی شیعە و موقتەدا سەدر دادەنرێت، کەوتووەتە ژێر کاریگەریی گومانی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو. لە کاتێکدا هەڵواسینی پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردن لە دەستپێکی سنوری شارەکەدا بە بەرفراوانی دەبیندرێت، لە دوای ئەوەوە کەشوهەواکە زیاتر بە وێنەی سەرکردە ئایینییەکان رازاوەتەوە نەک پۆستەری بەربژێران.
زۆرینەی دەنگدەرانی رەوتی نیشتمانیی شیعە لەم ناوچەیە، بایکۆت و بەشداریکردنیان بەستووەتەوە بە فەرمانی موقتەدا سەدرەوە. رەحیم ئەکرەم، دانیشتووی شاری سەدر و یەکێک لە بایکۆتکاران، بە رووداوی گوت: "کە فەرماندە سەید فەرمانی کرد بەشداری دەکەین، نازانم ئەمە لای خۆیەتی، فەرمان لە دەست ئەوە."
هاوڵاتییەکی دیکە، بە ناوی حەیدەر رەحیم، هەمان هەڵوێستی دووپات کردەوە: "لەگەڵ سەید بایکۆتمان کردووە، سەید چی بڵێت هەر ئەوەیە. ئەو بەرژەوەندیی وڵات دەزانێت لەگەڵ فەرماندە سەیدین."
لە بەرامبەردا، هەندێک دانیشتووی شارەکە، وەک مەریەم عەباس، دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن. مەریەم عەباس بە پەیامنێری رووداوی گوت: "بەشداری دەکەم، چاک دەرچوون لە خوا بەزیاد بێت، خراپیش بوون هەر لە خوا بەزیاد بێت." ئەو داواشی لە بەربژێرەکان کرد کە "بژێوی ژیانمان دەوێت بۆ خێزانەکەم کچەکانم و کەمدەرامەتان."
"سوننەکان بایکۆتی سەدرییەکان بە هەل دەزانن"
بایکۆتکردنی رەوتی نیشتمانیی شیعە لەلایەن زۆرێک لە هێز و لایەنە سوننییەکانەوە بە هەلێکی باش دەبینرێت بۆ بەدەستهێنانی کورسی زیاتری پەرلەمانی لە بازنەی بەغدا.
خالید حەیانی، بەربژێری هاوپەیمانیی تەقەدووم رایگەیاند: "بەشدارینەکردنیان هەلێکە. وەکو تەقەدووم لە بەغدا لە 15 کورسی کەمترمان نابێت چاومان لە زیاترە بەپێی هەڵسەنگاندنەکانمان 17- 18- 20 کورسیمان دەبێت، سوپڕایزمان بۆ خەڵک دەبێت."
لەسەر ئاستی ئامار، لە کۆی 456,780 کارتی دەنگدان لە بەشی رەسافە (کە شاری سەدر دەکەوێتە ئەم بەشەی بەغدا)، تەنیا 132,900 کەس کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، کە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە زۆرینەی خەڵکەکە لە بایکۆتکارانن.