سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق: پێکهێنانی حکومەتی نوێ نزیکەی 4 مانگ دەخایەنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رێکار و ماوە دەستوورییەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی روونکردەوە و رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت پرۆسەکە لەدوای هەڵبژاردنەوە نزیکەی چوار مانگ بخایەنێت، بەڵام "دەکرێت بە هەبوونی ویستێکی سیاسی، کورت بکرێتەوە."
 
بەگوێرەی روونکردنەوەکەی فایەق زێدان، دوای پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە، سەرۆککۆمار لە 15 رۆژدا داوا لە پەرلەمانی نوێ دەکات کۆببێتەوە و ئەویش لە یەکەم دانیشتنیدا سەرۆک و دوو جێگرەکەی هەڵدەبژێرێت.
 
فایەق زێدان گوتیشی، "دواتر پەرلەمان لە 30 رۆژدا سەرۆککۆمارێکی نوێ هەڵدەبژێرێت، پاشان سەرۆککۆماری نوێ لە 15 رۆژدا بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێت و بەربژێری راسپێردراو 30 رۆژی لەبەردەست دەبێت بۆئەوەی متمانەی پەرلەمان بۆ کابینەکەی بەدەستبهێنێت."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە روونکردنەوەکەیدا باس لەوە دەکات، بە رەچاوکردنی ئەم ماوە دەستوورییانە، کۆی ماوەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، نزیکەی 4 مانگ دەبێت لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەوە، بەڵام دەکرێت کارەکان زووتر لە وادەی دیاریکراو تەواو بکرێن و چاوەڕێی کۆتایی ماوەکان نەکرێت.
 
فایەق زێدان دواکەوتنی پێکهێنانی بەشێک لە حکومەتەکانی پێشووی بە "پێشێلکاریی روونی دەستوور" ناوبرد کە وەک خۆی گوتی، بەهۆی "نەبوونی سزای یاساییەوە" روویداوە و هیوای خواست لە داهاتوودا چارەسەر بکرێت.