وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ رووداو: بردنە ژوورەوەی مۆبایل بۆ بنکەکانی دەنگدان قەدەخەکراوە


رووداو دیجیتاڵ

لە بەشی کەرخ و رەسافەی بەغدا دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت. هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، "هیچ پاڵەپەستۆیەک لەسەر ناوەندەکانی دەنگدان نییە، چونکە هێزە ئەمنییەکان بەشێوەی رێکخراو هاتوون بۆ دەنگدان."
 
لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بنکەیەکی دەنگدان لە ئەعزەمییەی بەغداوە بە هەڵکەوت عەزیزی گوت، "تاوەکو ئێستا هیچ پێشێلکارییەک رووینەداوە، هەموو هێزەکان بەوپەڕی ئازادییەوە دەنگ دەدەن و کەس گوشار دروست ناکات."
 
تەحسین خەفاجی گوتی، "هەموو ئەو دەنگۆیانەی باس لە گوشارکردنەسەر هێزە ئەمنییەکان بۆ وێنەگرتن لەکاتی دەنگدان دەکەن دوورن لە راستییەوە، چونکە رێگە بە بردنە ناوەوەی مۆبایل نادرێت و وێنەگرتن قەدەخەیە."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "لە رۆژی دەنگدانی گشتیشدا قەدەخەی هاتووچۆ نابێت، بۆیە پێویستە شوێنی هاتووچۆی دەنگدەران بۆ دەنگدانی گشتی دابین بکەین و بیپارێزین."
 
ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
 
لە بەشی کەرخی بەغدا، 109 بنکەی دەنگدان هەن و 103 هەزار و 911 کارمەندی هێزی ئەمنی مافی دەنگدانیان هەیە. لە بەشی رەسافەش، 67 بنکەی دەنگدان هەن، کە 170 هەزار و 725 کارمەندی هێزی ئەمنی مافی دەنگدانیان هەیە لەو بەشەی پایتەختدا.