دوو هێندەی رووبەری لەندەن لە خاکی عێراق بە مین پیس بووە
رووداو دیجیتاڵ
ناوچەیەکی دەرەوەی گوندی حەسەن جەلال لە سنووری پارێزگای نەینەوا تەژییە لە مین و تەقەمەنی، داعش بۆ ماوەیەک دەسەڵاتداری ناوچەکە بووە و بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە، مین و بۆمبی زۆری چاندووە، بۆیە ئێستا یەکێکە لە ناوچە مەترسیدارەکان.
عەلائەدین مووسا، سەرۆکی تیمی ئۆپەراسیۆنی رێکخراوێکی هەڵگرتنەوەی مین دەڵێت، "ناوچەکە 100% پیسە، ژمارەی رووداوەکان لەم ناوچەیە زۆرن، قەبارە و بڕ و ژمارەی بۆمب و مینەکان زۆر زۆرن بەراورد بە ناوچەکانی دیکە، ساڵێکە لەم ناوچەیە کاردەکەین، ئەو مین و بۆمبانەی هەڵمانگرتوونەتەوە بە هەموو جۆر و شێوەکانیەوە زیاتر لە 1500 مین و بۆمبن".
دانیشتووانی ناوچەکە چیرۆکی تاڵیان لەگەڵ سەردەمی جەنگ هەیە، عەبدوڵڵا فەتحی، شوانە و قوربانییەکی ئەو مین و تەقەمەنییانەیە.
عەبدوڵڵا فەتحی، قوربانیی مین و تەقەمەنی دەڵێت، "ساڵی 2014 مەڕم دەلەوەڕاند، مینێک لەسەر رێگەکەدا هەبوو، نەمبینی و پێمدا تەقییەوە، لەو کاتەوە هەوڵمداوە قەرەبوو بکرێمەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا مامەڵەکەم رایی نەکراوە. هیچ سەرچاوەیەکی ژیان و مووچەیەکم نییە و ناشتوانم کار بکەم، هەردوو قاچ و دەستێکم پەڕیون، ئەو دەستەشم بەم شێوەیە".
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی خاکەکەی بە پاشماوەکانی تەقەمەنی پیسە، نزیکەی 3200 کیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت و دەکاتە دوو هێندەی رووبەری لەندەن. 8.5 ملیۆن هاووڵاتیی عێراقیش لەنێو پاشماوەکانی جەنگ دەژین.
بە مەزەندەی نەتەوە یەکگرتووەکان 50 ملیۆن بۆمب و مینی نەتەقیو لە عێراقدا هەن، تەنیا لە ساڵی رابردوودا لە پارێزگای نەینەوا 783 تەقەمەنی هەڵگیراونەتەوە. ئەم پرسە ئاستەنگی لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانیش دروستکردووە.
پێهر لۆدهەمەر، سەرۆکی بەرنامەی خزمەتگوزاریی پەیوەست بە مین لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، "ئێمە باس لەوە دەکەین کە 1.2 ملیۆن کەس دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەوەش مەترسییەکانی تەقینەوەی مین و بۆمبەکان زیاتر دەکات، بۆیە کارێکی سەختە ئەمانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی ئەیلوول، 100 منداڵ بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنییەکان گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، ئەمەش ژمارەیەکی بەرزە و کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان".
هاوکات باشووری عێراقیش بەدەست ئەو گرفتەوە دەناڵێنێت، بە گوتەی نبراس تەمیمی، بەرپرسی سەنتەری باشوور بۆ کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا بەهۆی مین و پاشماوەکانی جەنگەوە تەنیا لە پارێزگاکانی باشووری عێراق 18 هەزار کەس کوژراون و بریندار بوون، کە رووبەری زیاتر لە ملیارێک مەتر چوارگۆشە پیسە و بەسرەش لە پێشەنگە، تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا 50 کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، زۆربەیان ژن و منداڵ و ئاژەڵدارن.