سوودانى بۆ سەرۆکى چین: دەمانەوێت بنەماى هاوبەشی لە دەستپێخەریى "پشتێن و رێگا" بەهێز بکەین


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى چین لە ریازى پایتەختى عەرەبستانى سعودیە کۆبوونەوە؛ محەممەد شیاع سوودانى جەختیکردەوە کە وڵاتەکەى خواستى بەهێزکردنى بنەماى هاوبەشییە لەگەڵ چین لە چوارچێوەى دەستپێشخەرى "پشتێن و رێگا" و بوارەکانى ژێرخان.
 
رۆژی 9ى کانوونى یەکەمى 2022، نووسینگەى رۆژنامەڤانى سەرۆکوەزیرانى عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانى لە ریازى پایتەختى عەرەبستانى سعودیە لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکى چین کۆبووەتەوە. 
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد شیاع سوودانى جەختیکردووەتەوە کە وڵاتەکەى خواستى ئەوەیە بنەماى هاوبەشی لەگەڵ چین بەهێزتر بکات لە چوارچێوەى دەستپێشخەرى "پشتێن و رێگا" و کەرتى ژێرخان و سوودبینینی لە ئەزموونى چین لە بوارە جیاوازەکاندا.
 
ساڵى 2013 چین دەستپێخەریى "پشتێن و رێگا"ى راگەیاند، کە ئامانج لێى بەستنەوەى وڵاتانى جیهانە بەیەکدییەوە لە رێگەى تۆڕێکى رێگەى وشکانى و ئاسنین و بەندەرەکان و هێڵەکانى گواستنەوەی نەوت کە لە چینەوە تێپەڕ دەبێت. 

 

 
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە سەرۆکى چین ئاماژەى بە پێگەى جوگرافى عێراق داوە بەوەى "رۆڵێکى گرنگى" دەبێت لە پڕۆژەکانى بوژاندنەوەى بەردەوام. پاڵپشتى وڵاتەکەشى بۆ سەروەرى و سەقامگیریى عێراق دووپاتکردووەتەوە.
 
محەممەد شیاع سوودانى لە عەرەبستانى سعودیەیە بەمەبەستى بەشداریکردن لە لووتکەى عەرەبی - چینى.