سوودانی: بەرهەمهێنانی کارەبا دەگەیێنینە 57 هەزار مێگاوات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، حکومەتەکەی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 57 هەزار مێگاوات و دەشڵێت: "وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ گەیشتووەتە 72% و تاوەکو 2028 دەبێتە 100٪."
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە (10-01-2026) لە رێوڕەسمی کردنەوەی 11یەمین خولی پێشانگە و کۆنفرانسی وزەی عێراقی (IEE) لە بەغدا، پلانەکانی حکومەتەکەی بۆ کەرتی وزە خستەڕوو. 
 
لە پێشانگەکەدا زیاتر لە 450 کۆمپانیا لە 16 وڵاتەوە بەشدارن.
 
سوودانی لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیان گەیاندنی بەرهەمهێنانی کارەبایە بە 57 هەزار مێگاوات.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبای عێراق، بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، عێراق پێویستی بەو بڕە وزەیە هەیە، لەکاتێکدا ئێستا کەمتر لە نیوەی ئەو بڕە بەرهەم دەهێنرێت.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە هەنگاوەکانی حکومەت کرد بۆ رێگری لە بەهەدەردانی سامانە سرووشتییەکان و گوتی: "هەنگاوی گەورەمان ناوە بۆ راگرتنی سووتاندنی گازی هاوەڵ؛ ئێستا رێژەی وەبەرهێنان تێیدا گەیشتووەتە 72% و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2028 بگاتە 100%."
 
سوودانی ئاشکرای کرد، عێراق لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەکو (تۆتاڵ ئینێرجیس) و (BP) پڕۆژەی گەورەی هەیە و گفتوگۆکانیش لەگەڵ (ئێکسۆن مۆبیل) و (شیفرۆن) بەردەوامن.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەممەد شیاع سوودانی تیشکی خستە سەر وزەی نوێبووەوە و گوتی: "پلانێک هەیە بۆ گۆڕینی سیستمی قەزا و ناحیەکانی بەغدا و پارێزگاکان بۆ وزەی نوێبووەوە، کە بڕیارە هاوینی داهاتوو دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی دایە کۆمپانیا بیانییەکان کە عێراق ئێستا وڵاتێکی سەقامگیرە و ژینگەیەکی لەباری بۆ وەبەرهێنان هەیە، هەموو ئاسانکارییەکی یاساییشیان بۆ دەکرێت.