پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و 120 پەرلەمانتار ئامادە نەبوون


رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق سێیەمین دانیشتنی خۆی لە خولی شەشەم کرد و پرسی داهاتە نانەوتییەکانی تاوتوێ کرد، بەڵام لە دانیشتنەکەدا 120 پەرلەمانتار ئامادە نەبوون.

ئەمڕۆ شەممە (10-01-2026)، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێوەبەرانی گشتیی دەستەی گشتیی باجەکان، گومرگەکان و دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق کۆبووەوە. تەوەری سەرەکیی دانیشتنەکە گفتوگۆکردن بوو لەبارەی داهاتە نانەوتییەکان.
 
لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەماندا کە رۆژی 29-12-2025 بەڕێوەچوو، 292 پەرلەمانتار ئامادەبوون و تەنیا 37 پەرلەمانتار ئامادە نەبوون.
 
لە دانیشتنی دووەمدا، ژمارەی ئامادەنەبووان بۆ 108 پەرلەمانتار بەرزبووەوە (221 ئامادەبوو).
 
لە دانیشتنی ئەمڕۆشدا، ژمارەی ئامادەنەبووان ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد و گەیشتە 120 پەرلەمانتار، واتە تەنیا 209 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکە بوون.