گوتارخوێنی نەجەف: ئەوەی لە ئێران دەگوزەرێ دەبێتە هۆی تێکشکانی ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
گوتارخوێنی نەجەف دەڵێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران "هێزی هەرەدیاری" ناوچەکەیە و ئەو پەرەسەندنانەی ئێستا دەگوزەرێن، دەبنە هۆی یەکڕیزیی زیاتری گەلی ئێران و تێکشکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
رۆژی شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، سەدرەدین قەبانجی، گوتارخوێنی نەجەف و سەرکردە لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق رایگەیاند، "کۆماری ئیسلامیی ئێران گەورەترین هێزی ناوچەکەیە و ئەو رووداوانەی ئێستا روودەدەن، ریزەکانی گەلی ئێران بەهێزتر و تووندوتۆڵتری دەکەن."
14 رۆژە خەڵک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپێشاندان دەکەن، دوای ئەوەی بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزی و کاسبکارانی بازاڕی گەورەی تاران ناڕەزاییان دەربڕی، هەرزوو خۆپێشاندان هەموو پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.
قەبانجی گەشبینیی خۆی نیشاندا و پێشبینی کرد لە قۆناخی داهاتوودا "ناوچەکە شایەتی تێکشکانی قەوارەی ئیسرائیل و هەموو ئەو لایەنانە بێت کە پشتگیریی دەکەن."
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراق، ئەو سەرکردەیەی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی ئاماژەی بەوە کردووە، "عێراق لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیراندا بە ئاراستەیەکی دروستدا هەنگاو دەنێت و وڵات لە رووی سیاسی و ئەمنییەوە لە دۆخێکی سەقامگیردایە."