خانەنشینانی سەربازی لە عێراق ناڕازین لە جیاوازی مووچەکانیان بەراورد بە هاوتاکانیان
رووداو دیجیتاڵ
خانەنشینانی سەربازی لە عێراق کە زۆربەیان لە سەردەمی سەدام حوسێن خانەنشین کراون، ناڕازین لە جیاوازی مووچەکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراقی نوێدا و خۆپێشاندانیان کرد.
مووچەی ئەو خانەنشینانە لە 600 هەزار دینار تێناپەڕێت، لە کاتێکدا هاوتاکانیان نزیکەی دوو هێندە وەردەگرن.
خانەنشینە ناڕازییەکان داوای هەموارکردنی یاسای یەکگرتووی خانەنشینی عێراق دەکەن، کە بەهۆیەوە چینێک دروست بووە و ئەو کەسانەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین بوون، بوونەتە خاوەنی کەمترین مووچەی حکومەت.
باوکی عەلی، خانەنشینێکی سەربازییە و دەڵێت: "ئێمە لە بریندارەکانی شەڕی عێراق و ئێرانین خانەنشینییەکەمان مانگانە 600 هەزارە برینداری جەنگ لەم کاتەدا 1 ملیۆن و 200 هەزارە، مادەی 14 دەڵێ، مووچە هاوتا دەکرێت واتە کۆن و نوێ ناهێڵێت، بەڵام ئەمانە کردیان، کۆنەکان 600 هەزارە برینداری ئێستا ملیۆنێک و 200 هەزارە، بۆچی؟ شتەکە روونە بەڕاستی، چونکە ئێمە شەڕمان لەگەڵ ئێران کرد و ئەوانەش لە ئێران دەخۆن بۆیە دەترسن."
باوکی عومەر، خانەنشینێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات کە "بووەتە دوو چین، یاسای خانەنشینی نایەکگرتووە. کردویانەتە دوو چین چینی نوێ و چینی کۆن، ئێمە کۆنەکانین و موچەکانمان کەمترە لەوانی ئێستا".
خۆپێشاندەران روویان کردە دەستەی خانەنشینی عێراق، لەوێ داواکان وەرگیران، بێ ئەوەی کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت
حەقی ئیسماعیل، خانەنشینێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات: "داوا لە سەرۆکوەزیران دەکەین داوا لە خێرخوازان دەکەین سەیری گوزەرانمان بکەن. ئێمە تاوانمان چییە؟."
ماهیر حوسێن، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی گشتیی عێراق بە رووداوی گوت: "بەشێکی زۆر لەداواکارییەکان رەوا بوون، دەستەی خانەنشینی هەوڵدەدات بۆ چارەسەرکردنیان، هەندێکیان پەیوەندی بە دەستەی خانەنشینی نیشتمانییەوە هەیە، هەندێک پەیوەندی بە دەزگە و دامەزراوەی دیکە هەیە، وەک وەزارەتی بەرگری، بانکەکان، بانکی ناوەندی، وەزارەتی دارایی بە دابینکردنی شایستە داراییەکان و هەندێکی پەیوەستە دەرکردنی یاسا و هەمواری یاسا برایانی پەرلەمانتارانیش ئامادەبوون بۆ ئەم بابەتە."
زیاتر لە 4 ملیۆن کەس لە عێراق مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، نزیکەی ملیۆنێکیان پێش ساڵی 2014 مامەڵەکانیان تەواوکراوە و مووچەکەیان کەمە