ململانێی پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین تووند دەبێت؛ ئەنجوومەن دژی گەڕانەوەی بەدر فەحلە
رووداو دیجیتاڵ
ململانێی یاسایی و سیاسی لەسەر پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین گەیشتە لووتکە؛ دوای ئەوەی بەدر فەحل هەوڵی گەڕانەوەی بۆ پۆستەکەی دا، زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا دژی وەستانەوە، هاوکات ئەبو مازن هۆشداری دەداتە هێزە ئەمنییەکان، کە نەبنە بەشێک لە کێشەکان.
رۆژی دووشەممە 09-02-2026، بەدر مەحموود فەحل بە فەرمانێک، بڕیاری پێشووی خۆی بۆ راسپاردنی جێگری یەکەمی پارێزگار هەڵوەشاندەوە و دەستبەکاربوونەوەی خۆی وەک پارێزگاری سەلاحەدین راگەیاند. ئەم هەنگاوە کاردانەوەی خێرای ئەنجوومەنی پارێزگای لێکەوتەوە.
ئەنجوومەنی پارێزگا: فەحل پەرلەمانتارە و ناتوانێت بگەڕێتەوە
یاسین محەممەدعەلی داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین (فراکسیۆنی یەکێتی) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای هەوڵی گەڕانەوەی بەدر فەحل، ئەنجوومەنی پارێزگا کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد. لە کۆی 13 ئەندامی ئامادەبوو، 10 ئەندام دژی گەڕانەوەی بوون."
ئەندامانی ئەنجوومەن پێیانوایە بەدر فەحل بەو پێیەی لە 1ی شوباتی 2026 لە پەرلەمانی عێراق سوێندی دەستووری خواردووە، ئیدی پۆستی پارێزگاری لەدەستداوە. بەڵام فەحل دەڵێت ئەو رۆژەی سوێندی خواردووە "رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران تەواو نەبووە"، بۆیە سوێندخواردنەکەی پووچەڵە.
پشتگیریی حەلبووسی و ئەبو مازن بۆ بەدر فەحل
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 8ی شوبات بە فەرمانێک سوێندخواردنەکەی بەدر فەحلی هەڵوەشاندووەتەوە و رێگەی پێداوە وەک پارێزگار بەردەوام بێت تاوەکو ئەو کاتەی لە دانیشتنێکی دیکەدا سوێند دەخواتەوە.
ئەحمەد عەبدوڵڵا جبووری (ئەبو مازن)، ئەمینداری گشتیی پارتی جەماوەری نیشتمانی، پشتیوانی خۆی بۆ گەڕانەوەی بەدر فەحل بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین دەربڕی و هۆشداریش دەدات لەوەی هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ کارگێڕی و حزبییەکان بەکاربهێندرێن.
رۆژی دووشەممە، 9ی شوباتی 2026، ئەبو مازن لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری ئەو رێکارە خێرا و ئاڵۆزانەمان کرد کە لە پارێزگای سەلاحەدین روویاندا، بەهۆی گەڕانەوەی بەدر فەحل بۆ پۆستی پارێزگار و هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی راسپاردنی هاشم عەزاوی وەک پارێزگاری بە وەکالەت."
ئەبو مازن ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سوێندخواردنی بەدر فەحل بەهۆی نەبوونی رێژەی یاسایی بووە، بۆیە دەڵێت: "گەڕانەوەی بەدر فەحل بۆ پۆستەکەی وەک پارێزگاری سەلاحەدین، بە کارێکی یاسایی و کارا دادەنرێت، مەگەر بڕیارێکی دادگە بە پێچەوانەوە دەربچێت."
ئەو سەرکردە سیاسییەی پێکهاتەی سوننە، رەخنە لە خێرایی بڕیارەکان دەگرێت و دەپرسێت، چۆن بڕیاری وەها چارەنووسساز لە ماوەی یەک رۆژدا و بەبێ گەڕانەوە بۆ رێڕەوە یاساییە هێمنەکان دەدرێن؟ هۆشداریش دەدات کە ئەمە سەقامگیریی پارێزگاکە دەخاتە مەترسییەوە.
ئەمینداری گشتیی پارتی جەماوەری نیشتمانی کە بەدر فەحلە لە حیزبەکەیەتی جەختی لەوە کردەوە کە تاکە رێگەی دروست بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان دادگە و یاسایە، داواشی کرد سەقامگیریی پارێزگای سەلاحەدین بپارێزرێت و رێگری لە دروستبوونی پشێوی بگیرێت.
ئەم ململانێیە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نەخشەی سیاسی هەیە. ئەگەر بەدر فەحل وەکو پارێزگار بمێنێتەوە، کەریم شوکر، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەچێتە شوێنەکەی و وەکو پەرلەمانتار لە بەغدا سوێندی دەستووری دەخوات. بەڵام ئەگەر ئەنجوومەنی پارێزگا لەسەر لادانی فەحل سوور بێت و پارێزگارێکی نوێ هەڵبژێرێت، هاوکێشەکە دەگۆڕێت.
بڕیارە ئەم کێشەیە ببرێتە بەردەم دادگەی کارگێڕی بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدرێت، لە کاتێکدا دۆخی ئیداری و سیاسیی پارێزگای سەلاحەدین بەهۆی ئەم "گرێکوێرە یاساییەوە" ئاڵۆز بووە.