بەهۆی هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆمار؛ حیزبی شیوعی سکاڵای لە دژی حەلبووسی تۆمار کرد

رووداو دیجیتاڵ

بە تۆمەتی "پێشێلکردنی دەستوور" لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، حیزبی شیوعی عێراق و رەوتی کۆمەڵایەتیی عێراقی، سکاڵای یاساییان لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە دادگەی باڵای فیدراڵی تۆمار کرد.
 
رۆژی دووشەممە 09-02-2026، رائید فەهمی، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پارێزەرەکانمان لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایان لە دژی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکردووە، بەهۆی ئەوەی سەرۆککۆمار لە وادەی دەستووریی خۆیدا هەڵنەبژێردراوە."
 
یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە 29ـی کانوونی یەکەمی 2025 بەڕێوەچوو. بەگوێرەی دەستوور، دەبوو لە ماوەی 30 رۆژدا سەرۆککۆمار هەڵبژێردرایە، بەڵام ئەو وادەیە تێپەڕیوە.
 
رائید فەهمی دەڵێت: "ئەمە بە سەرپێچییەکی زەقی دەستووری دادەنێین و داوامان لە دادگەی فیدراڵی کردووە بڕیاری پێویست بدات بۆ ئەوەی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و سەرۆککۆمار هەڵبژێرێت."
 
سکاڵاکاران پشتیان بە چەند مادەیەکی دەستوور بەستووە، لەوانە مادەی (13/یەکەم): پاراستنی سەروەریی دەستوور، مادەی (54): رێکارەکانی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان، مادەی (70): میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارو مادەی (72/دووەم/ب): وادەی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
 
ئەم جووڵە یاساییە لەکاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا هەردوو حیزبی سەرەکیی هەرێمی کوردستان لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێکنەکەوتوون. پارتی دیموکراتی کوردستان (فوئاد حوسێن) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (نزار ئامێدی)یان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە، ئەوەش پرۆسەکەی لەنێو پەرلەماندا پەکخستووە.