پەرلەمانی عێراق تاوتوێی گواستنەوەی داعشەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق بە میوانداریکردنی وەزیری داد و چەند بەرپرسێکی ئەمنی و سەربازی، تاوتوێی دۆسیەی گواستنەوەی داعشەکان لە سووریاوە بۆ گرتووخانەکانی عێراق دەکات.
بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنی چوارشەممە 11ی شوباتی 2026ی پەرلەمانی عێراق، یەکێک لە بڕگەکانی تاوتوێکردنی پرسی گواستنەوەی داعشەکانە بۆ عێراق.
خالید شوانی، وەزیری داد و بریکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ کاروباری هەواڵگری و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لەو دانیشتنەی پەرلەماندا میوانداری دەکرێن بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە.
بەهۆی رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژئاوای کوردستان، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش دەستیان کردووە بە گواستنەوەی ئەو داعشانەی لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوون بۆ عێراق.
چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی ئەو داعشانەی دەگوازرێنەوە بگاتە زیاتر لە حەوت هەزار کەس.
لە 2ی شوباتەوە دادگا تایبەتمەندەکانی عێراق دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو چەکدارانەی داعش کردووە بە مەبەستی دادگاییکردنیان.
یەکێکى دیکە لە بڕگەکانى دانیشتنى پەرلەمانى عێراق، تاوتوێکردنى ئەو تانانەن کە لەبارەى دروستى و نادروستیی ئەندامێتى هەندێک لە پەرلەمانتاران تۆمارکراون.