بەرپرسێکی عێراق: زیاتر لە 4500 چەکداری داعش لە سووریاوە گواستراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی سوپای ئەمریکا دا، زیاتر لە 4500 چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ عێراق گواستراونەتەوە.
رۆژی سێشەممە 10ی شوباتی 2026 سەعد مەعن، گوتەبێژی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 4583 دەستگیرکراو گەیێندراونەتە عێراق.
ئەم دەستگیرکراوانە بەشێکن لەو 7000 گومانلێکراوەی کە سوپای ئەمریکا لە مانگی رابردووەوە دەستی بە گواستنەوەیان کردووە؛ ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەتی سووریا ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکرد، کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا بوون و چەکدارەکانی داعشیان تێدا دەستبەسەر بوو.
ئەو چەکدارانەی گواستراونەتەوە هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی، سووری، ئەورووپی و چەندین وڵاتی دیکەن.
لە ساڵی 2014، رێکخراوی داعش رووبەرێکی فراوانی لە خاکی عێراق و سووریای کۆنترۆڵکرد و چەندین تاوان و کۆمەڵکوژیی کرد. بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، عێراق لە ساڵی 2017 سەرکەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند، لە سووریاش هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ساڵی 2019 کۆتاییان بە دەسەڵاتی مەیدانیی ئەو گرووپە هێنا و هەزاران چەکدار و خێزانەکانیانیان لە کەمپ و گرتووخانەکاندا دەستبەسەر کرد.
لە عێراق، کە زیندانەکانی پڕن لە تۆمەتبارانی داعش، دادگاکان سەدان سزای لەسێدارەدان و زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەر چەکدارە نێوخۆیی و بیانییەکاندا سەپاندووە. هەر لەم مانگەدا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، دەستیان بە لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو دەستگیرکراوانە کردووە، کە لە سووریاوە گەڕێندراونەتەوە.