گومرگی کیلۆیەک زێڕ لە 250 هەزارەوە بووەتە 16 ملیۆن؛ زێڕنگرانی بەغدا نیگەرانن
رووداو - بەغدا
زیادکردنی پێناسی گومرگی لە عێراق بازاڕی زێڕی شێواندووە. زێڕنگرێک دەڵێت، پێشتر گومرگی کیلۆیەک زێڕ 250 هەزار دینار بوو، ئێستا بووەتە 16 ملیۆن دینار. بازرگانان ناڕەزایەتییان بردووەتە بەردەم دادگەی فیدراڵی و سکاڵایان تۆمار کردووە.
باوکی کەڕار فرێجی، 16 ساڵە بازرگانی زێڕە و دەڵێت، یەکەم جارە بێبازاڕیی لەو شێوەیە دەبینێت؛ جگە لە خۆی و شاگردەکانی کەس لەنێو دووکانەکەیدا نییە.
باوکی کەڕار بە تووڕەییەوە دەڵێت: "کیلۆیەک زێڕ دوو ملیۆن دینار قازانجی تێدا نییە، کەچی تۆ 16 ملیۆن دینار گومرگ وەردەگریت! واتە بۆ 8 کیلۆ دەبێت 128 ملیۆن دینار بدەم. بۆیە بازرگانان دەستیان بە داخستنی کۆمپانیاکانیان کردووە؛ دەوڵەت زیاتر لە قازانجی کارگە و کۆمپانیاکان قازانج وەردەگرێت."
جگە لە زێڕنگران، بازرگانان و کرێکارانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەش ناڕازین و سکاڵایان دژی بڕیاری زیادکردنی گومرگ لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکردووە.
مەیسەم ئەسەدی، بازرگانێکە و دەڵێت: "پێشتر بۆ هەر کۆنتێنەرێک سێ بۆ چوار ملیۆن دینارم دەدا، ئێستا بۆ کۆنتێنەرێکم داوای 45 ملیۆن و بۆ ئەوەی دیکە 55 ملیۆن دینارم لێ دەکەن. ئەو پارەیەم نییە بیدەم و کاڵاکانم لە بەندەر وەربگرمەوە."
نوور سەباح، کرێکارە و داوا دەکات حکومەت چاو بە بڕیارەکەیدا بخشێنێتەوە: "زەرەرمەندی یەکەم ئێمەی کاسبکارانین."
زیاتر لە سێ رۆژە بەشێک لە بازرگانان وەک ناڕەزایەتی دەرگەی کۆگەکانیان داخستووە. لەسەر باڵەخانەی ژووری بازرگانیی بەغداش پۆستەرێکی گەورەی ناڕەزایەتی هەڵواسراوە و بڕیاریانداوە دەرگەی باڵەخانەکە دابخەن تاوەکو ئەو کاتەی حکومەت بڕیارەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە.