لە بەغدا نرخی یەک لیتر رۆنی شل 1000 دینار زیادی کردووە


رووداو دیجیتاڵ

نرخی کەلوپەل و خۆراک لە بەغدا بەرزبووەتەوە، پەیامنێری رووداو چووەتە بازاڕی شۆرجە کە یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی کۆفرۆشییە لە بەغدا و کاڵاکانی هەرزانترن، بەڵام نرخ لەو بازاڕەش بەرزبووەتەوە.
 
عەبدوڵڵا سەید، نزیکەی 30 ساڵە لە شۆرجە دوکاندارە، دۆخی بازاڕ بەلایەوە نامۆیە و پێیوایە کڕیار شوێنی شەڕی لێتێکچووە و دەڵێت، "ھاوڵاتییەکی زۆر روو لە بازاڕ دەكات، وەک ئەوە وایە کە شەڕ لە عێراق رویدابێت، لە جیاتی دەبەیەک یان دوو دانە ببات 11 دانە دەبات، ئەمە قەیرانی درووستکردوە بە تایبەت ماددەی رۆنی شل، ماددەی خۆراکی کەمە و ئێمە ھەمووی ھاوردە دەکەین، بە تایبەت لە وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێ، ئەگەر قەیرانەکە جیھانییبێت و شەڕی روسیاش زیاتر بکێشێت قەیرانی کەمی خۆراک دروست دەبێت."
 
زۆرینەی کەلوپەلی خۆراکی نرخیان بەرزبووەتەوە، لە بازاڕە ھەرزانەکەی شاری بەغدا نرخی دەبەیەک رۆنی شلی 900 گرامی، 750 دیناری چووەتە سەر و دەبەیەکی یەک لیتریش 1000 دینار زیادیکردووە. بازرگانان و زۆرینەی دانیشتووانی بەغدا گلەیی لە حکومەت دەکەن کە لە دوای ساڵی 2003 وە تاوەکو ئێستا کارگەیەکی بەرھەمھێنانی رۆنی شلی دانەناوە.
 
جگە لە رۆنی شل، فەردەیەک ئارد 20 ھەزار، کیلۆیەک شەکر 250 دینار، فەردەیەک برنج 12 هەزار و ئاوی تەماتەش بۆ ھەر کارتۆنێک 3 ھەزار دیناریان چووەتە سەر.
 
عەلی زەھەبی، بازرگانی خۆراکە و باس لەوە دەکات، "برنج و ئارد چ پەیوەندییەکی بە شەڕی ئۆکرایناوە ھەیە؟ ئێمە دەزانین کە ئەمانە لە ئوستراڵیا، ئەمریکا، مالیزیا و ئەندۆنیسیاوە ھاوردە دەکرێت، ئەم ماددە خۆراکییانە ئێمە لەوێ ھاوردەیان دەکەین."
 
عەباس جاسم، کاسبکارە لە بازاڕی شۆرجەی بەغدا و دەڵێت، "رۆنی شل کارتۆنی بە 40 ھەزار بوو، بەڵام ئێستا بە 60 بۆ 65 ھەزار دینارە، شتی وا نابێت بەڕێزم، ئەم گەلە بێ دەسەڵات و بێدەنگە، ئەگەر نا دەبوو خەڵک ھەمووی بچنە سەر شەقام." 
 
سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت بۆ رێگریی لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخ و هەڵگرتنی باج لەسەر هاوردەکردنی خۆراکی وەک ئارد، رۆن و برنج، بەڵام بازاڕی کراوەی عێراق و پشتبەستنی تەواوەتی بە بەرهەمی دەرەوە، وایکردووە بازاڕێکی تەواو لەرزۆک و ناجێگیر بێت و لە هەرشڵەژانێکی سیاسی یان سرووشتی لە وڵاتانی دراوسێی یان تەنانەت بە هەزاران کیلۆمەتر دوور لێی، راستەوخۆ نرخی خۆراک بەرز ببێتەوە.