وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ رووداو: 622 کەس لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندرانەوە عێراق

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، 622 کەس لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێندرانەوە پارێزگای نەینەوا.
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتەکە، رۆژی یەکشەممە 10ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێوارەی دوێنێ شەممە، 159 خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندرانەوە. ئەو 159 خێزانە لە 622 کەس پێکهاتوون."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتیشی، ئەو کەسانە ماوەیەک لە کەمپی جدعە دەبن بۆئەوەی ئامادە بکرێن تێکەڵ بە کۆمەڵگەکانیان بکرێنەوە و دواتر دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.
 
کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانە و نزیکەی 55 هەزار کەسی تێدایە، کە زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن.
 
زۆربەی ئەوانەی لەنێو ئەو کەمپەدان، خەڵکی عێراق و سووریان؛ ئەوانی دیکەش خەڵکی دەیان وڵاتی دیکەی جیهانن.
 
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رۆژی 2ی ئاداری 2024 لە کۆڕبەندی ئەنتالیا لە پانێڵکدا بەناونیشانی "ئاڵنگاریی نوێ لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"دا قسەی کرد و لەبارەی کەمپی هۆلەوە گوتی، "20 هەزار عێراقیی خوار تەمەن 18 ساڵ لە کەمپی هۆلدان. ئەوانە بۆمبی چێندراون بۆ ئاییندە."
 
قاسم ئەعرەجی گوتیشی، "تاوەکو ئێستا 1924 خێزانی کەمپی هۆلمان گەڕاندووەتەوە، کە لە 7556 کەس پێکهاتوون، 1230 کەسیان گەڕێندراونەتەوە زێدی خۆیان لە شوێنە جیاوازەکانی عێراق."
 
کەمپەکە لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)دایە. بە گوتەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، هەسەدە تەنیا کۆنترۆڵی دەوروبەری کەمپەکەیان بەدەستەوەیە و نێو کەمپەکە لەژێر دەسەڵاتی داعشدایە.