پەرلەمانى عێراق هەموارى یاساى وەبەرهێنانى پیشەسازى و کارى موختارەکان تاوتوێ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر هەموارى یاسای وەبەرهێنانى پیشەسازى دەدات و راپۆرتێک لەبارەى پاراستنى موڵک و ماڵى دەوڵەت دەخرێتەڕوو.
  
پەرلەمانى عێراق خشتەى کۆبوونەوەى 11-03-2025ى بڵاوکردەوە، کە شەش بڕگەیە. لەو کۆبوونەوەیەدا دەنگ لەسەر هەموارى یاساى وەبەرهێنەرانى پیشەسازى بۆ کەرتى تایبەت و تێکەڵ، لەگەڵ راسپاردەیەک بۆ وەزارەتى پەروەردە بۆ کارکردنەوە بە سیستمى تێپەڕاندن (عبوور) لە قوتابخانەکاندا دەدرێت.
 
هەروەها خوێندنەوەى یەکەم بۆ هەردوو پڕۆژەیاسای هەموارى کارى موختارەکان و هەڵوەشاندنەوەى پەیماننامەى هەڵگرتنى ڤیزا لەنێوان عێراق و قوبرس دەکرێت.
 
بڕیاربوو رۆژى شەممە 8ى ئادارى 2025 پەرلەمانى عێراق کۆببێتەوە، بەڵام رێژەى یاسایی پەرلەمانتاران ئامادە نەبوون و کۆبوونەوەکە نەکرا، بەهۆى ئەوەى کە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای حەشدى شەعبی نەخرابووە خشتەى کارى کۆبوونەوەکە.
 
ئەمڕۆ 10ى ئادارى 2025 دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پەرلەمانتارە شیعەکان هەوڵ دەدەن یاسای حەشدى شەعبی بخەنە دەنگدانەوە.
 
یەکێک لە بڕگەکانى دیکەى کۆبوونەوەکە، خستنەڕووى راپۆرتى لیژنەیەکى کاتیى پەرلەمانە لەبارەى پاراستنى موڵک و ماڵى دەوڵەت.