ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بۆ رووداو: لە دووبز حەشدی شەعبی بۆردوومانکرا و 5 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی باڵا لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە دووبز دوو جار بارەگایەکی حەشدی شەعبی بۆردوومان کراوە.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکە، پێنج کەس کوژران و 12 کەسی دیکەش برینداربوون کە برینی بەشێکیان "سەختە."
ئەو سەرچاوەیەی نێو ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک گوتی، "جاری یەکەم کە بۆردوومان کرا ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و خەڵکی ناوچەکە چوون بە هانای بریندار و شەهیدەکانەوە، بەڵام بۆ دووەم جار بۆردوومانکرا و ئەوانەی برینداربوون زۆربەیان سڤیلن."
ئەو بارەگایەی بۆردوومانکراوە، لیوای 40ی حەشدی شەعبی تێدا جێگیرکراوە.
ئەم هێرشەی ئەمشەو دوای زنجیرەیەک بۆردوومانی دیکە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە نەینەوا و ئەنبار کردووەتە ئامانج. لە سێ رۆژی رابردوودا بنکەی لیوای 40ی حەشدی شەعبی لە شارۆچکەی گەیارە، بارەگای فەوجی 33 لە نزیک بازگەی عەقرەب لە نەینەوا و لە ئەنباریش ناوچەی گەهاوی کە لیوای 45ی حەشدی لێیە بۆردوومان کراوە.
لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، گرووپەکانی نێو "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" رایانگەیاندووە 10 رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 200 هێرشیان بە درۆن و مووشەک کردووەتە سەر ''بنکەکانی ئەمریکا''.