وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا و هەرێمی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێ، هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و کۆنسووڵخانەکان لە بەغدا و هەرێمی کوردستان "سەرکۆنەکراوە" و هەر دەستدرێژییەک رەتدەکاتەوە کە بکرێتە سەریان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکاری یاسایی دەگرنەبەر دژی ئەنجامدەرانیان.
سێشەممە 10ی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بە "تووندی" سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و کۆنسووڵخانەکان لە بەغدا و هەرێمی کوردستانی کرد و ئەو کردەوانەی بە سەرکۆنەکراو ناوبرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کردووەتەوە کە هەر "دەستدرێژی"یەک رەتدەکاتەوە کە بکرێتەسەر نێردە دیپلۆماسییەکان و کۆنسووڵخانەکان و پەرۆشە بۆ پاراستنیان، بۆ گەرەنتیی بەردەوامیی کاریان و بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە کەشێکی ئارام کە لەگەڵ پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان یەک بگرێتەوە.
گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند هێرشێکیان لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و کۆنسووڵخانە و نێردە دیپلۆماسییەکانی دیکەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە و دوایینیان بەئامانجگرتنی کۆنسووڵخانەی ئیمارات بوو لە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق باس لەوە دەکات، لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق پەرۆشن بۆ بەدواداچوون بۆ هەر رووداوێک کە بەرامبەر نێردە دیپلۆماسییەکان دەکرێ و رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرنەبەر کە تێوەگلاون، بە شێوەیەک پاراستنی ئەو نێردانە مسۆگەر بێت و رێگری بکرێ لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە.
هەر ئەمڕۆ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بۆ تاوتوێکردنی پرسی هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان کۆبووەوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا باسیان لە گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان کردووە دژی ئەوانەی "کردەوەی تیرۆریست"ی ئەنجام دەدەن لە هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان، دیپلۆماتکاران و هاووڵاتییانی عێراق.