چوارشەممە لە کەرکووک و 12 پارێزگای عێراق پشووە


رووداو دیجیتاڵ  

لە کەرکووک و 12 پارێزگای عێراق، چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکانیاندا پشووی فەرمییە. ئەم پشووە بەبۆنەی یادی شەهیدبوونی ئیمام عەلییە (د.خ).

لە پارێزگایەکی عێراق نیوەی پشووە و نیوەشی دەوامە؛ هاوکات لە هەرێمی کوردستانیش بەبۆنەی رێکەوتنی 11ـی ئادار و رزگارکردنی هەولێر، چوارشەممە و پێنجشەممە پشووە. 
 
بەپێی ئەو راگەیێندراوە فەرمیانەی لە پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە دەرچوون، لە سەرجەم فەرمانگە حکومی و خۆجێییەکانی ئەم پارێزگایانە کراونەتە پشوو: (کەرکووک، بەغدا، نەجەف، کەربەلا، بەسرە، زیقار، موسەننا، دیوانییە، واست، میسان، بابل، دیالە، هەروەها لە پارێزگای سەلاحەدین لە قەزاکانی بەلەد، دوجێل، ئامرلی و خوورماتوو).
 
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا، رۆژی سێشەممە 10ـی ئاداری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی چوارشەممە لە پارێزگای نەینەوا پشووی فەرمی نییە و دەوام ئاساییە".
 
لە راگەیێندراوەکاندا ئاماژە بەوەش کراوە، فەرمانگە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان لەم پشووە بەدەر دەبن، ئەوەش لەپێناو بەردەوامبوونی پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان.
 
لای خۆیەوە، رێبوار تەها پارێزگاری کەرکووک "بڕیاریدا چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگە حكومییەكان، قوتابخانەکان، باخچەکانی منداڵان، کۆلێژەکان و فەرمانگە حکومییەکان بکرێتە پشووی فەرمی، بۆ یادی شەهیدکردنی ئیمام عەلی (سڵاوی خوای لێبێت)".
 
لە هەرێمی کوردستانیش سبەی چوارشەممە، بەبۆنەی 11ـی ئاداری 1970 و رزگارکردنی هەولێر لە ساڵی 1991، لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی دەبێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخی لەوەکردەوە، لەو پشووەدا رێکارەکانی دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبن و دەوام لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، بەشێوەی ئێشکگری دەبێت. هاوکات، رۆژی پێنجشەممە (12ی ئاداری 2026)یش کراوەتە پشوو.