لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق دووەم کۆبوونەوە بۆ خوێندنەوەى دووەمى پڕۆژەیاسای بودجە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دووەم کۆبوونەوە لەبارەى خوێندنەوەى دووەمى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق دەکات. ئەندامێکى لیژنەکەش پێشبینی دەکات هەفتەى داهاتوو پەرلەمان کۆبوونەوە بۆ خوێندنەوەى دووەمى پڕۆژەیاساکە بکات.
شەوى رابردوو موحسین مەندەلاوى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، سەرۆکایەتیى یەکەم کۆبوونەوەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراقی کرد بۆ تاوتوێکردنى راپۆرتى لیژنەکە، بەر لەوەى خوێندنەوەى دووەم بکرێت.
10ى نیسانى 2023 نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە تێبینى ئەندامانى لیژنەکە کرا، کە بڕیارە راپۆرتێک لەو بارەیەوە ئامادە بکەن و پێشنیازى خۆیان باس بکەن و گرنگترین ئەو پرسانەش کە تێبینییان لەسەرە ئاماژەیان پێ بکەن، وەکو ماوەى بودجەکە کە بۆ سێ ساڵە، زۆریى خەرجى و کورتهێنانى بودجە، کەمیى بودجەى وەبەرهێنان و قەرزە نوێیەکان."
نەرمین مەعرووف گوتیشی، ئەمڕۆ دووشەممە، دووەم کۆبوونەوەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەبارەى خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى دەکرێت.
6ى نیسانى 2023، پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق کرد کە بڕى پارەکەى زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە و بۆ ماوەى سێ ساڵە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەکات لە چەند رۆژى داهاتوودا راپۆرتى لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادە بکرێت و "سەرەتاى هەفتەى داهاتووش پەرلەمان بۆ خوێندنەوەى دووەمى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کۆببێتەوە."
خوێندنەوەى دووەمى پڕۆژەیاساى بودجە بۆ گوێگرتن و زیادکردنى تێبینیى لیژنەى دارایی و پەرلەمانتارانى دیکەیە لەسەر پڕۆژەیاساکە بەر لەوەى لە کۆبوونەوەیەکى دیکەى پەرلەماندا بخرێتە دەنگدانەوە.