ئەو دادوەرە کوردەى ئامادەى لەسێدارەدانى سەدام بوو: 35 خولەکى خایاند

رووداو دیجیتاڵ

کاژێر 06:30 خولەکى بەرەبەیانى 30ـی کانوونى یەکەمى 17 ساڵ لەمەوبەر، مونیر حەداد لە هۆڵێکى تاریکى ناوچەى کازمیەى شیعەنشینى بەغدا، شایەتحاڵى یەکێک لە رووداوە گرنگەکانى دوو دەیەى رابردوو بوو، کە لەسێدارەدانى سەدام حوسێن، سەرۆکى پێشووترى عێراق بوو. ئەو دەڵێت "تەواوى پرۆسەى لەسێدارەدانەکە 35 خولەکى پێچوو". 
 
30 کانوونى یەکەمى 2006 کە یەکەم رۆژى جەژن بوو، هەواڵى لەسێدارەدانى سەدام حوسێن بڵاوکرایەوە، ئەوەش دواى زیاتر لە سێ ساڵ لە دەستگیرکردنى.
 
مونیر حەداد ئەو کات سەرۆکى لیژنەى لەسێدارەدانەکە و جێگرى سەرۆکى دادگەى پێداچوونەوە بوو لە دادگەى باڵاى تاوانەکانى عێراق.
 
مونیر حەداد سەبارەت بە پرۆسەی لەسێدارەدانەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "35 خولەکى خایاند؛ هەندێک دادوەر ئامادە نەبوون واژۆ لەسەر لەسێدارەدانەکەى بکەن و ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریش نوێنەرى نەنارد".
 
لەسێدارەدانى سەدام حوسێن، دواى ئەوە هات کە 29ـی تشرینى دووەمى 2006 دادگەى باڵاى تاوانەکانى عێراق سزاى لەسێدارەدانى بۆ دەرکرد.
 
مونیر حەداد دەڵێت "سەدام حوسێن گوێزرایەوە بۆ گرتووخانەیەک بە مەبەستى لەسێدارەدانى. ئەو گرتووخانەیە پێشتر بارەگاى بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگرى سەربازى بوو. پێشتر رژێمى سەدام حوسێن نەیارەکانى لەو شوێنە لەسێدارە دەدا". 
 
مونیر حەداد ساڵى 1964 لە خێزانێکى کوردى فەیلی لە بەغدا لەدایکبووە، بەهۆى نەیارى لەگەڵ دەسەڵاتی پێشوو، چووەتە دەرەوە و دواى ساڵى 2003 گەڕاوەتەوە.
 
حەداد ئاشکرایکرد، سەدام حوسێن یەکەم کارەکتەرى سیاسى بوو کە لەدواى ساڵى 2003 لەو شوێنەدا لەسێدارەبدرێت و 64ـەمین کەسیش بوو لە دوای 2003ـوە لەو شوێنە لەسێدارەبدرێت، بەوپێیەى پێشتر 63 ئەندامى رێکخراوى قاعیدە بە تۆمەتى تیرۆر تێیدا لەسێدارەدرابوون.
 
مونیر حەداد  دەگێڕێتەوە "کاژێر 10:00ـی شەوى 29ـی کانوونى یەکەم بوو، دەمزانى سەدام لەسێدارە دەدرێت؛ کاژێر 12:00 ئاگاداریان کردمەوە خۆم ئامادە بکەن بۆ ئەوەى بچم بۆ شوێنى لەسێدارەدانەکە. چووین بۆ ماڵى نوورى مالیکى، سەرۆکوەزیرانی ئەوکات لە ناوچەى سەوز و تاوەکو بەرەبەیان لەوێ چاوەڕێ بووین، دواتر بە هێلیکۆپتەر چووین بۆ شوێنى لەسێدارەدانەکە".
 
کۆنووسی جێبەجێکردنى سزاى لەسێدارەدانى سەدام حوسێن ئامادەبوونى پێنج کەس ئاشکرا دەکات، کە ئەرک و بەرپرسیارێتیی فەرمیان هەبووە لە ساتى جێبەجێکردنى سزاکەدا؛ هاوکات کاتەکەیشی ئاشکراکردووە.
 
لەکۆنووسى فەرمى لە سێدارەدانى سەدام حوسێندا وردەکاریی پرۆسەکە باسکراوە، ئەوە جگە لەوەى ئەو پێنج بەرپرسە ئاشکراکراون کە ئامادەى لەسێدارەدانەکە بوون و واژۆیان لەسەر کۆنووسەکە کردووە کە جگە لە مونیر حەداد بریتی بوون لە هەریەک لە: حوسێن کرباسى، بەڕێوەبەرى گرتووخانەکە، مونقیز ئال فیرعەون، داواکاری گشتى، تاریق نەجم عەبدوڵڵا، نوێنەرى سەرۆکوەزیرانى عێراق و مەهدى عەبدولجاسم، پزیشکى گرتووخانەکە.
 
بەگوێرەى کۆنووسەکە، سەدام حوسێن لە کاژێر 06:10 خولەکی بەرەبەیانى رۆژی شەممە، 30ـی کانوونى یەکەمى 2006 لەسێدارە دراوە. لەبەشێکى دیکەى کۆنووسەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، لەدواى دڵنیابوونەوە لە گیانلەدەستدانى سەدام حوسێن، کۆنووسەکە بە واژۆى سەرجەم ئامادەبووان داخراوە.
 
مونیر حەداد گوتى "لەکاتى لەسێدارەدانەکە 14 کەس بووین بەو پێنج کەسەى واژۆى کۆنووسەکەیان کردووە، کە سەرجەمیان سەر بە حیزبى دەعوە بوون و لە نووسینگەی مالیکییەوە هاتبوون".