پارێزگاری نەینەوا فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ یەکێتییەکان دەرنەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری نەینەوا فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ یەکێتییەکان دەرنەکردووە و سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حیزبە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، هیچ کێشەیەکیان نییە و سوورن لەسەر ئەوەی پارێزگار دەستبەکاربوونیان بۆ دەربکات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گۆڕانکاریی پۆستەکانی نەینەوا لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە سێ پۆستی بەرکەوتووە، کە بریتین لە قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەکانی وانکێ و سنوونێ کە ئەو پۆستانە ئێستا بەدەست پارتیی دیموکراتی کوردستانەوەن.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگاکانی نەینەوا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سوورین لەسەر ئەوەی دەبێت پارێزگاری نەینەوا فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەکانی وانکێ و سنوونێ دەربکات و ئەمانە هیچ کێشەیەکیان نییە".
دوێنێ چوارشەممە، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ سەرۆکی 7 یەکەی کارگێڕیی پارێزگاکەی دەرکرد، لە کۆی ئەو 20 یەکەی کارگێڕییەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگی پێیاندا و ململانێیەکی سیاسی و کارگێڕی لەو پارێزگایە لێکەوتەوە.
ئەوانەی فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەرکراوە پێکدێن لە قایمقامەکانی بەعاج و تەلەعفەر، بەڕێوەبەری ناییەکانی تەلعەبتە، نەمرود، شۆرە، بەرتلە و تلکێف.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی پێیوایە "پارێزگاری نەینەوا دەیەوێت کات بکوژێت و پرۆسەکە دوابخات، ئەگەرنا ھیچ دیکە نییە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ فەرمانی کارگێڕیی بۆ چواری دیکە دەربکات، کە یەکێکیان پۆستێکی یەکێتی بێت".
پارێزگاری نەینەوا دوێنێ گوتی ھەر یەکێکیان مەرجی تێدا نەبێت، رەتدەکرێنەوە و داوا لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەکەن، کەسانی دیکە لە جێگەیان بەربژێر بکەن کە مەرجەکانیان تێدابێت.
محەممەد جاسم کاکەیی دەڵێت، بەڕێوەبەری ناحیەکانی باشیک و عیازییە، کێشەی یاساییان ھەیە، پارێزەرن، بەڵام فەرمانبەری دەوڵەت نین و ئەزموونیان کارگێڕیان نییە، بۆیە رەنگە ئەمانە بگۆڕدرێن، بەڵام گوتی: "ھەر سێ بەربژێرەکەی یەکێتی ھیچ کێشەیەکیان نییە و دەبێت فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەربکرێت".
1ـی تەممووزی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکی 20 یەکەی کارگێڕییدا کرد، بەڵام ھاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو و فراکسیۆنی پارتی، بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد و لە دژی گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکان بە زۆرینەی دەنگی ھاوپەیمانیی نەینەوای ئایندە کران.
لەسەر سکاڵای ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، عەبدولقادر دەخیل لە 7ـی نیسان لەلایەن دادگەوە بانگھێشتکرا بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی دۆسیەی "رێگری لە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی تایبەت بە دەنگدان لەسەر گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی نەینەوا".
26ـی کانوونی یەکەمی 2024، دادگەی کارگێڕی سکاڵای 7 قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی لە نەینەوا رەتکردەوە، کە لە دژی لابردنیان لە پۆستەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە، تۆماریان کردبوو. 4ـی ئاداری 2025 دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی پارێزگاری نەینەوای لە دژی ئەو گۆڕانکارییانە رەتکردەوە.