عێراق پشکنینی ساڵانەی ئۆتۆمبێل دەکاتە ناچاری؛ سزاکەی 100 هەزار دینارە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق بڕیاری دا پشکنینی ساڵانەی "تووندوتۆڵی و سەلامەتی" بۆ هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک ببێتە ناچاری، هەر کەسێکیش پابەند نەبێت بە 100 هەزار دینار سزا دەدرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە رەزامەندی عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆ و بەپێی یاسای هاتووچۆی ژمارە 8ـی ساڵی 2019، بڕیاردراوە هەموو خاوەن ئۆتۆمبێلەکان پابەند بکرێن بە پشکنینی ساڵانەی سەلامەتی.
عەقید حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی هاتووچۆی گشتی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "یاسای پشکنینی ئۆتۆمبێل هەبووە و نوێ نییە، بەڵام جاران پێبژاردن و سزای دارایی بۆ جێبەجێ نەکردنی نەبوو، بەڵام ئێستا سزای بۆ دیاریکراوە."
عەقید حەیدەر شاکر، گوتیشی :"لە هەموو پارێزگاکانی عێراق، سەنتەری پشکنینی ئۆتۆمبێل هەیە"
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، هەر خاوەن ئۆتۆمبێلێک کە ساڵێک بەسەر پشکنینی ئۆتۆمبێلەکەیدا تێپەڕبووە، پێویستە سەردانی بنکەکانی پشکنین لە بەغدا و پارێزگاکان بکات بۆ پشکنین و وەرگرتنی بڕوانامەی شیاوی بۆ رۆیشتن لەسەر شەقامەکان.
ئامانج لەم رێکارە پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئۆتۆمبێلەکان هیچ مەترسییەک لەسەر ژیان و موڵک و ماڵی گشتی دروست ناکەن. لە راگەیێندراوەکەی هاتووچۆدا جەختکراوەتەوە، کە ئەو کەسانەی پابەندی رێنماییەکە نابن، بە بڕی 100 هەزار دینار سزا دەدرێن، لە رۆژی 9ـی نیسانی 2026 دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.