دانیشتنی هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار، لایەنەکان بەسەر سێ بەرەدا دابەشدەکات

رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى عێراق لەبارەى بەشداریکردن لە دانیشتنى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار بوونەتە سێ‌ بەرە: (بایکۆت، بەشدار و لەگەڵ ئەوانەى بڕیارى کۆتاییان نەداوە) بەگوێرەى بەدواداچوونى رووداو، ئەوانەى بەشداریکردنیان یەکلابووەتەوە گەیشتووەتە 152 کورسی و بەرەى بایکۆتیش تاوەکو ئێستا 104 کورسین، لەکاتێکدا ئەو دانیشتنە پێویستى بەوەیە 220 پەرلەمانتار ئامادە بن.
 
شەممە 11ی نیسان، ئەو رۆژەیە، کە سەرۆکایەتىی پەرلەمانی عێراق بەبێ جێگری دووەم (کە پشکی پارتییە) دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار. 
 
تاوەکو ئێستا دیار نییە رێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان ئامادەی دانیشتنەکە دەبن یان نا، کە بەگوێرەی دەستوور پێویستی بە ئامادەبوونی 220 ئەندام هەیە.
 
فراکسیۆنە کوردستانیەکان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، شیعە و سوننەکانیش  بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیەدا دابەش بوون بەسەر سێ بەرەدا: بەرەی بایکۆت، بەرەی بەشداربوو و ئەوانەی هێشتا بڕیاریان نەداوە.
 
شیعە، رکابەرى بۆ بایکۆتکردن
 
لە دوای راگەیاندنی رۆژی کۆبوونەوەکە، دوو لایەنی شیعە راستەوخۆ بەشداریکردنیان لەو کۆبوونەوەیە بە فەرمی راگەیاند، کە ئەوانیش: هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان (45 کورسی) و هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی (18 کورسی)ن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، جگە لەو دوو لایەنە، هاوپەیمانیی سادیقوون کە باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی هەقە، بڕیارە بەشدار بێت لە کۆبوونەوەکەدا کە 26 کورسیی پەرلەمانی هەیە.
 
 بەوپێیە، لەنێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا، بەو سێ لیستە کە 89 کورسییان هەیە، بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەکە یەکلا بووەتەوە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لەنێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوەکو ئێستا: دەوڵەتی یاسا (30 کورسی)، رێکخراوی بەدر (19 کورسی)، هاوپەیمانیی ئەساس (7 کورسی)، حقوق (6 کورسی) لە بەرەی بایکۆتکردنی دانیشتنەکەن، ئەگەر نەگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی بەربژێری سەرۆکوەزیران کە تاوەکو ئێستا نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە، بەوپێیە بەرەی بایکۆتی دانیشتنەکە لەنێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوەکو ئێستا خاوەنی 62 کورسین. 
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە رووداوی گوت: "ئاراستەیەک لەنێو هاوپەیمانییەکەدا هەیە، کە دانیشتنەکە نەکرێت تاوەکو رێککەوتن لەبارەی سەرۆککۆمار و بەربژێری سەرۆکوەزیران دەکرێت، ئەو ئاراستەیەش کار بۆ دروستکردنی سێیەکی پەکخەر دەکات."
 
بەگوێرەی دەستوور، ئەگەر 110 ئەندامی پەرلەمان ئامادەی دانیشتنەکە نەبن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، رێژەی یاسایی ئەندامانی ئەو دانیشتنە تەواو نابێت کە بەسێیەکى پەکخەر ناسراوە. 
 
تاوەکو ئێستا هاوپەیمانێتییەکانی ئیشراقەی کانوون (8 کورسی) و تەسمیم (7 کورسی)، ئەبشیر یا عێراق (4 کورسی)بەشداریکردن یان بایکۆتکردنی دانیشتنەکەیان بە فەرمی یەکلا نەکردووەتەوە.
 
 عەلى دیفاعى، گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانى ئەبشر یا عێراق بە (رووداو)ى گوت: "تاوەکو ئێستا بڕیارێکى ناوەندى لەوبارەیەوە نییە". 
 
فراکسیۆنى بابلیوون کە خاوەنى سێ کورسییە لە پەرلەمانى عێراق، لە راگەیێنراوێکدا بەشداریکردنى تەواوى ئەندامەکانى لە دانیشتنى پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار راگەیاند.  
 
کورد دوو بەرەن  
 
فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەجیا سێ بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەیە: فوئاد حوسێن بەربژێری پارتییە، نزار ئامێدی بەربژێری یەکێتییە و موسەنا ئەمینیش بەربژێری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری و رەوتی هەڵوێستە.
 
هەینی 10ی نیسانی 2026، موسەنا ئەمین کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە بە رووداوی گوت: "بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەکەین بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار وەک بەربژێری یەکگرتوو و کۆمەڵى دادگەرى و رەوتی هەڵوێست، کە ئەوانیش بەشدار دەبن لە کۆبوونەوەکەدا." 
 
یەکگرتوو، کۆمەڵی دادگەری و رەوتی هەڵوێست پێکەوە 10 ئەندامیان لە پەرلەمانی عێراق هەیە.
 
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی کە خاوەنی 17 کورسییە بە رووداوی گوت: "وەک فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری لە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەکەین." 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بڕیاری فراکسیۆنی نەوەی نوێش ئەوەیە کە بەشداری دانیشتنەکەی پەرلەمان بکات، کە خاوەنی 3 ئەندامی پەرلەمانە.
 
فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان  خاوەنى (26 کورسییە) تاوەکو ئێستا بەفەرمى هەڵوێستى خۆى لەبارەى بەشدارینەکردن یان بایکۆتى فراکسیۆنەکەى لە دانیشتنەکەى پەرلەمان  بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام یەکێک لە پەرلەمانتارەکانى بە رووداوى گوت: "تاوەکو ئێستا  ئاراستەکە وایە کە بەشدارى دانیشتنەکە نەکەین بەوپێیەى دیاریکردنى رۆژەکەى بەبێ رەزامەندى هەموو ئەندامانى دەستەى سەرۆکایەتىی پەرلەمان بووە، کە ئەوە نایاساییە".    
 
فەرهاد ئەتروشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کە لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، رەزامەند نییە لەسەر دیاریکردنی 11ی نیسان بۆ دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، "بەهۆی نەبوونی سازانی نیشتمانی و سیاسی لەسەر ئەو پرسە".
 
سوننەکان؛ یەک ئەنجوومەن و سێ ئاراستە
 
پارتی تەقەدووم خاوەنی 27 کورسیی پەرلەمانە لە عێراق، بە فەرمی بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمان راگەیاند. هەروەها هاوپەیمانیی جەماوەری نیشتمانی لە بەرەی بەشداربووانی کۆبوونەوەکەیە، کە خاوەنی سێ کورسییە.
 
لایەنەکانی دیکەی ئەنجوومەنی سیاسیی سوننەکان بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئەو دانیشتنە رانەگەیاندووە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لەنێو ئەو ئەنجوومەنەدا تاوەکو ئێستا هاوپەیمانیی عەزم کە 16 کورسیی لە پەرلەمان هەیە، لە بەرەی بایکۆتی دانیشتنەکەیە. 
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لەو هاوپەیمانێتییە رایگەیاند: "بوونی دوو بەربژێری پارتی و یەکێتی بۆ ئەو پۆستە، یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەوەی کە بەشدار نەبن لەو دانیشتنە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، هەریەک لە هاوپەیمانیی سەروەری (9 کورسی) و حەسم (6 کورسی) بە فەرمی بڕیاری کۆتاییان لەبارەی بەشداریکردن یان بایکۆتکردنی دانیشتنەکە نەداوە.