ململانێی کۆشکی سەلام؛ پەرلەمان لەبەردەم تاقیکردنەوەی رێژەیی یاسایی و رێککەوتنە نادیارەکان دا

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی شەممە، کاژێر 11ی بەیانی، هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار. بەڵام پرسیارە هەرە گەورەکە ئەوەیە؛ ئایا رێژەی یاسایی تەواو دەبێت؟ هەرچەندە 230 پەرلەمانتار واژۆیان بۆ بەشداری کردووە، بەڵام پاشەکشێی بەشێکیان، گومانی لەسەر بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە دروست کردووە.
 
عامر فایز، سەرۆکی فراکسیۆنی تەسمیم: "سووربوونێک هەیە لەسەر بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە رێژەی یاسایی تەواو دەبێت یاخود نا. هیچ رێککەوتنێک لە نێوان پارتی و یەکێتی نییە، ئەگەر رێککەوتنیش نەکرا و نیساب تەواو بوو، ئاوا دەنگدان بە بەربژێرەکان دەستپێدەکات، وەک خولەکانی رابردوو."
 
پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر دانیشتنەکە دەربڕیوە. پارتی پێیوایە بەبێ کۆدەنگیی نیشتمانی و سیاسی، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار نابێتە بنەمایەک بۆ سەقامگیری.
 
دانەر عەبدولخەفار، پەرلەمانتاری پارتی بە رووداوی گوت: "پێویست دەکات هەموو لایەک لەسەر بەربژێرێک رێبکەوین. ناکرێت ئێمە پێکهێنانی حکومەت یان هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بە تاکتیک و شکاندنی قۆڵی یەکدی دروست بکەین، چونکە ئەگەر بەو شێوازە دەستپێبکەین، رەنگە کێشە بۆ حکومەت دروست ببێت و نەتوانێت بەردەوام بێت."
 
لە بەرامبەردا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەشبینە. ئەوان دەڵێن لەگەڵ لایەنە شیعەکان گەیشتوونەتە تێگەیشتن و گەرەنتی سەرکەوتنی بەربژێرەکەیان وەرگرتووە.
 
مازن خەریب، پەرلەمانتاری یەکێتی دەڵێت: "دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و سەرۆککۆماریش هەڵدەبژێردرێت پشت بەخوا. تاوەکو ئێستا رێککەوتن لەگەڵ لایەنی بەرامبەر نەکراوە و هەردوولاش سوورن لەسەر بەربژێرەکانیان."
 
لە 29ی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە، کە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان ئەنجامدرا، عێراق لە چاوەڕوانیی سەرۆککۆمارێکی نوێدایە. بەپێی دەستوور دەبوو لە ماوەی 30 رۆژدا ئەم پرسە یەکلا بکرایەتەوە، بەڵام ئێستا سێ مانگ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە و هێشتا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە خاڵی کۆکەرەوە.