ئاستی ئاوی دیجلە بەرزدەبێتەوە و پارێزگای نەینەواش هۆشداری دەداتە دانیشتووان
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای نەینەوا چەند رێکارێکی بەپەلە بۆ نەهێشتنی مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری دیجلە دەگرێتەبەر و تیمە مەیدانییەکانی بۆ رێگریکردن لە لافاو خستە ئامادەییەوە.
ئەمڕۆ هەینی، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا فەرمانی پێکهێنانی چەندین تیمی مەیدانیی هاوبەشی دا کە فەرمانگە خزمەتگوزاری و تەکنیکییەکانی وەک شارەوانییەکان، ئاوەڕۆ و سەرچاوە ئاوییەکان لەخۆدەگرن. بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگاکە، "ئەرکی ئەم تیمانە چاودێریکردنی دەستبەجێی زیادبوونی بڕی بەردانەوەی ئاوە لە بەنداوی مووسڵەوە."
غەزوان داودی، جێگری پارێزگاری نەینەوا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تیمی هاوبەش راسپێردراون بۆ رووپێوکردنی ئەو ناوچانەی دەکەونە سەر کەناری رووباری دیجلە، بە مەبەستی دەستنیشانکردنی ئەو شوێنانەی زیاتر مەترسیی ژێرئاوکەوتنیان لەسەرە."
جێگری پارێزگاری نەینەوا دەڵێت: "چەند رۆژێکە ئاستی ئاوی دیجلە زۆر بەرزبووەتەوە و بەنداوی موسڵیش بەڕێژەیەکی زۆر باش ئاوی تێچووە."
بە گوتەی جێگری پارێزگاری نەینەوا، "هۆشداریی بەپەلە" دراوەتە خاوەن ئەو خانووانەی بە زێدەڕۆ لە کەنار رووبارەکە دروستکراون و خاوەن موڵک و مەڕدارەکانیش، تاوەکو لە پێناو پاراستنی گیان و ماڵیان، لەو ناوچانە دووربکەونەوە کە پێشبینی دروستبوونی لافاویان لێدەکرێ.