وەزارەتی دەرەوەی عێراق: 1085 هاووڵاتی لە هیندستانەوە گەڕێندراونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێ ، تاوەکو ئێستا هەزار و 85 هاووڵاتییان لە هیندستانەوە گەڕاندووەتەوە و حەوتەمین گەشتیش بەهۆی کردنەوەی ئاسمانی عێراقەوە راستەوخۆ بۆ بەغدا بووە.
 
رۆژی هەینی، 10ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە چوارچێوەی پلانی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییان لە دەرەوەی وڵات، حەوتەمین گەشتی ئاسمانی لە نیودەلهیی پایتەختی هیندستانەوە ئەنجامدرا کە 148 هاووڵاتی عێراقی هەڵگرتبوو، بەمەش کۆی گشتی ئەو کەسانەی گەڕێندراونەتەوە گەیشتە هەزار و 85 کەس.
 
بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، لە 28ـی شوباتەوە ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخرابوو، بەڵام کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکە ئاسانکاری بۆ ئەم هەوڵە دروستکرد.
 
وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەتا بڕیار بوو فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی عەرعەر لە سعودیە بنیشێتەوە، بەڵام بەهۆی کردنەوەی ئاسمانی عێراقەوە توانرا گەشتەکە راستەوخۆ بەرەو بەغدا ئاراستە بکرێت، ئەمەش بووەهۆی خێرا گەیشتنی هاووڵاتییان.
 
وەزارەتی دەرەوە باس لەوە دەکات کە بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی هاووڵاتیانی عێراقی لە دەرەوەی وڵات و پاراستنی سەلامەتییان لە هەر کوێیەک بن.
 
رێکارەکانی گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییانەی عێراق کە بە هۆی جەنگەوە گیریانخواردبوو، لە 13ی ئاداری2026 دەستی پێکرد.