فایەق زێدان: جێبەجێنەکردنی دەستوور بووەتە کێشەیەکی گەورە لە عێراق دا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، جێبەجێنەکردنی دەقەکانی دەستوور یەکێکە لە گەورەترین کێشەکانی بەردەم دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرن لە عێراق. فایەق زێدان هۆشداری دەدات کە ئەم کێشەیە بووەتەهۆی لاوازبوونی شکۆی دەوڵەت و دووبارەبوونەوەی قەیرانە سیاسییەکان.
رۆژی هەینی، 10ی نیسانی 2026، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە گوتارێکدا لە پەڕەی فەیسبووکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بە ناونیشانی (کێشەی جێبەجێنەکردنی دەقە دەستوورییەکان) تیشکی خستە سەر ئەو بەربەستانەی کە رووبەڕووی سیستمی سیاسیی عێراق بوونەتەوە.
فایەق زێدان دەڵێت: "کێشەکە لە نەبوونی دەستووردا نییە، بەڵکو لە لاوازیی پابەندبوونە بە جێبەجێکردنی؛" ئاماژە بەوەش دەکات کە دەستووری عێراق لە ساڵی 2005 بنەماکانی سیستمێکی دیموکراسی دانا، "بەڵام لە رووی کردارییەوە بۆشاییەکی روون لە نێوان دەقەکان و جێبەجێکردنیان هەیە."
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، عێراق دوای ساڵی 2003 قۆناخێکی ئاڵۆزی بڕیوە کە سیستمە نوێیەکەی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی چەند هۆکارێک، لەنێویاندا "پشکپشکێنەی سیاسی و پێکدادانی بەرژەوەندییەکان،" ئەمەش بووەتە هۆی پەکخستنی هەندێک مادەی دەستووری، بەتایبەتی ئەو مادانەی کە کاتی دیاریکراویان بۆ دانراوە.
دەسەڵاتی دادوەرەکان سنووردارە
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا، فایەق زێدان باسی لە لاوازیی دەسەڵاتی دادوەرەکان دەکات لە کاتی "پێشێلکردنی دەستوور"دا و دەڵێت، کاتێک پەرلەمان (دەسەڵاتی یاسادانان) پێچەوانەی دەستوور کاردەکات، بەهۆی نەبوونی دەقێکی روونەوە بۆ سزادانی ئەم سەرپێچییە، "دادوەر دەکەوێتە بنبەستێکی راستەقینە."
فایەق زێدان ئاماژەی بەوە کردووە کە دادوەر ناتوانێت چاوپۆشی لە پێشێلکارییەکە بکات، لە هەمان کاتیشدا پشتیوانیی دەستووریی نییە بۆ ئەوەی بڕیارەکان جێبەجێ بکات، ئەمەش وا دەکات دەستوور لە ئامرازێکی ناچارکەرەوە ببێتە "تەنیا بەڵگەنامەیەکی تیۆری." بۆ چارەسەرکردنی ئەمەش، داوای دەرکردنی یاسا و رێکاری تووند دەکات.
بۆشایی سیاسیی عێراق
ئەم هۆشدارییەی فایەق زێدان لە کاتێکدایە، عێراق لە دوای هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی 2025ـەوە تووشی چەقبەستووییەکی سیاسیی قووڵ بووە. سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین مانگ، هێشتا سەرۆککۆمار و حکومەتی نوێ هەڵنەبژێردراون.
قەیرانەکە زیاتر بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانەوە قووڵبووەتەوە.
ئەم دۆخەی ئێستا رەنگدانەوەی قسەکانی فایەق زێدانە، بەتایبەتی لەبارەی پشتگوێخستنی ئەو وادانەی کە لە دەستووردا دیاریکراون. ئەم چەقبەستووییە نەک تەنیا پرۆسەی سیاسی پەکخستووە، بەڵکو کاریگەریی کردووەتە سەر ژیانی هاووڵاتیانیش، بەهۆی نەبوونی حکومەتێکی خاوەن دەسەڵاتی تەواوەوە.