وەزارەتی ناوخۆی عێراق: لە سبەیەوە خۆپێشاندان لە بەغدا قەدەخە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان هەموو تواناکانیان بۆ پێشوازی میوانان و پاراستنی ئاسایشی لووتکەی عەرەبی دەستپێکردووە، بۆیە نابێت هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵ بکرێن و لە سبەیەوە خۆپێشاندان قەدەخە دەکرێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوەکە دەڵێت، "لەگەڵ نزیکبوونەوەی لووتکەی عەرەبی، هێزە ئەمنییەکان زیاتر سەرقاڵی ئامادەکاری دەبن بۆ سەرکەوتنی چالاکییەکە، هەموو تواناکانیان بۆ پێشوازیکردن لە میوانانی عێراق بەکاردەخەن."
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، "خۆپێشاندان لە بەغدا بە هەر هۆکارێک بێت رێگەپێدراو نییە، جا بۆ خزمەتگوزاری بێت یان بە شێوەیەکی دیکە، هیچ مۆڵەتێکیش بۆ خۆپێشاندان نابێت و هەر هەوڵێک بۆ ئەو کارە پێشێلکردنی یاسایە."
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆ، "رێنمایی دەرچووە بۆ دەستگیرکردنی هەر کەسێک کە هەوڵی خۆپێشاندان بدات، ئەم بڕیارەش لە 11ی ئایارەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 20ـی ئایار بەردەوام دەبێت."
وەک وەزارەتەکە ئاماژەی پێدەکات، "هێزە ئەمنییەکان رێکاری یاسایی پێویست دەگرنەبەر، بەرامبەر هەر خۆپێشاندەرانێک کە هەوڵی سەرقاڵکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ئەرکە راسپێردراوەکانیان بدات لەم ماوەیەدا."
لووتکەى وڵاتانی عەرەبی، لە 17ـی ئایاری 2025 لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، کە بڕیارە سەرۆک و دەیان بەرپرسی باڵای وڵاتانی عەرەبی تێیدا بەشداربن.