زانکۆی تەکنەلۆژیی عێراق ژیریی دەستکرد دەخاتە نێو پرۆگرامەکانی خوێندن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی زانکۆی تەکنەلۆژیی عێراق دەڵێت، ساڵی داهاتوو، پڕۆگرامی خوێندنی تایبەت بە ژیریی دەستکرد بۆ سێ کۆلێژی زانکۆکەیان زیاد دەکەن.
 
ئەمڕۆ شەممە، 10ـی ئایار، د. موحسین نووری، سەرۆکی زانکۆی تەکنەلۆژیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا پلانمان هەیە بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو، لە سێ کۆلێژی زانکۆکەماندا پرۆگرامی تایبەت بە ژیریی دەستکرد دابنێین، کە ئەمە یەکەمین هەنگاوی لەوجۆرەیە لە عێراق و لە ناوچەکەشدا کەم وێنە دەبێت."
 
بە گوتەی د.موحسین، "پلانەکە بەوجۆرەیە کە کۆلێژەکانی ئەندازیاریی کۆمپیوتەر و ئەندازیاریی کۆنترۆڵکردن پرۆگرامی ژیریی دەستکردیان بۆ زیاد بکرێت، هەروەها پەیمانگای تایبەت بە خوێندنی باڵاش کە ئەویش سەر بە زانکۆکەمانە، بەشێکی بکەین بە خوێندن لە بواری ژیریی دەستکرد دا."
 
لەبارەی گرنگیی ئەو بڕیارە، سەرۆکی زانکۆی تەکنەلۆژیی عێراق گوتی، "لە سەردەمی ئێستا ژیریی دەستکرد بە خێرایی و فراوانییەکی زۆر خۆی خزاندووەتە نێو کۆمەڵگەکانەوە، ئەو ژیریی دەستکردەش تەنیا (ChatGPT) نییە و زانستێکی فراوانە، بۆیە گرنگە خوێندکارانمان زانیاری تەواویان لەسەری هەبێت و بتوانن خۆیان سوودی لێببینن و هاووڵاتییانیشی لێی بەهرەمەند بکەن."
 
وەک د. موحسین نووری ئاماژەی پێدەکات، "بە جێبەجێکردنی پلانەکە، بڕوانامەی دەرچووانی ئەندازیاریی کۆمپیوتەر و ئەندازیاریی کۆنترۆڵکردن بەهێزتر دەبێت و لە پاڵ زانستەکەی خۆیان، لە بڕوانامەکەدا ئاماژە بە توانا و شارەزاییان لە ژیریی دەستکردیش بۆ زیاد دەکرێت، کە ئەمەش یارمەتییان دەدات بۆئەوەی بتوانن لە داهاتوودا لەو بوارە کار و داهێنان بکەن."
 
هاوکات، د. حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بە رووداوی گوت، "زانکۆی تەکنەلۆژیی پایەیەکی گرنگی وەزارەتەکەمان و وڵاتیشە، ئێمە هەموو پاڵپشتییەکی ئەو زانکۆیە دەکەین بۆ زیادکردنی ئەو پرۆگرامە و پلانەکەمان قبووڵکردووە."
 
زانکۆی تەکنەلۆژیی عێراق لە یەکی نیسانی 1975 دامەزراوە و 8 کۆلێژی ئەندازیاریی جیاواز لە خۆدەگرێت.