گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم: پشکمان دوو وەزارەت و جێگری سەرۆکوەزیرانە

 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی بەدر رایدەگەێنێنت، تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی دەدات. راشیگەیاند، رێکخراوی بەدر داوای 2 وەزارەتی کردووە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆیان پێنەدراوە. پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێ، دەگەڕێنەوە بەغدا و بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمان دەکەن.
 
شاکر مەحموود تەمیمی ناسراو بە ئەبو توراب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی رێکخراوی بەدر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارنامەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی گەیشتووەتە پەرلەمان، ئێستا سەرقاڵی بەدواداچوونی بڕگە و خاڵەکانی کارنامەکەین، دواتر هەڵوێستی فەرمیی خۆمان رادەگەیێنین." 
 
سەبارەت بە کاتی پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان، ئەو پەرلەمانتارەی بەدر گوت، هێشتا رێککەوتنی کۆتایی لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی یەکلانەبووەتەوە و رایگەیاند، "وەک بەدر داوای دوو پۆستی وەزاریمان کردووە، وەزارەتەکانی گواستنەوە و ناوخۆن، بەڵام پێدانی وەزارەتی ناوخۆ بە ئێمە رەتکراوەتەوە."
 
تەمیمی پێشبینی کرد پرۆسەی دەنگدان بە کابینە نوێیەکە زۆر نەخایەنێت و گوتی، "رۆژی دووشەممە، یان سێشەممە، یان تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە، کابینەکەی عەلی زەیدی دەنگی لەسەر دەدرێت."
 
یەکێک لە پێشنیازەکان کە ئێستا تاوتوێ دەکرێت دانانی سێ جێگیری سەرۆکوەزیرانە، ئەبو توراب گوتی، "لەگەڵ دانانی سێ جێگری سەرۆکوەزیران نیم،  سەرۆکوەزیران سێ جێگری بۆچییە؟ یەک جێگر بەسە، نابێت بۆ رازیکردنی لایەنەکان پۆست دابتاشترێت و بارگرانی بۆ سەر دەوڵەت دروست بکرێت، بۆ پۆستە وەزارییە سیادییەکان وەزیری بەهێز هاوشێوەی سەرۆکوەزیران دابنرێت تاوەکو بتوانێت کارەکان بە باشی بەڕێوەببات و هاوکاری سەرۆکوەزیران بکات."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو پەرلەمانتارە کە نوێنەری پارێزگای بەسرەیە، باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و رایگەیاند، "دەبێت هەرێمی کوردستان بۆچوونەکانی حکومەتی عێراق و دەستوور جێبەجێ بکات، بەتایبەت لە بابەتی دەروازە سنوورییەکان؛ نابێت هیچ جیاکارییەک لەنێوان خەڵکی هەولێر، سلێمانی و دهۆک لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی وەک بەسرە و ناسریە هەبێت، بەڵکو دەبێت هەمووان لە ئەرک و مافدا یەکسان بن."
 
سەبارەت بە پرسی چەک و گرووپە چەکدارەکان، شاکر مەحموود تەمیمی، پێشتر یەکێک بووە لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی، پشتگیریی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک دەربڕی و گوتی، "دەبێت چەک تەنیا لەدەست دەوڵەتدا بێت، بەڵام ئەمە پرسێکی ناوخۆیی عێراقە و نابێت بە قسەی ئەمریکا و هیچ وڵاتێکی دیکە بێت."
 
تەمیمی رەخنەی تووندی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا گرت و گوتی، "ئەمریکا هیچ بڕگەیەکی رێککەوتنی ستراتیژیی جێبەجێ نەکردووە؛ ئیدارەی ترەمپ وەک کۆمپانیا سەیری عێراق دەکات و تەنیا بەدوای سوودی خۆیدایە، ئەمەش قبووڵکراو نییە."
 
عەزام حەمەدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانی عەزم لە کەرکووک بە سەرۆکایەتی موسەننا سامەرائیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشوازی لە بەرنامە وەزارییەکەی عەلی زەیدی دەکەن کە پێشکێشکی پەرلەمانی عێراقی کردووە، سێ بۆ چوار تەورەی سەرەکی لە خۆگرتووە یەکێک لە مانە بابەتی چەک تەنیا لەدەست دەوڵەت بێت و عێراق پەیوەندیەکی هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتان هەبێت و نابێت ببێت بەشێک لە بازنەی ململانێی ئەمریکا و ئێران.
 
گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک باسی  پشکی سوننەی کرد لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق  و گوتی، "شەش وەزارەتە، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی کراوە لەنێو ماڵی سوننەکان و هەروەها چوارچێوەی هاوئاهەنگیی پشکی عەزم دوو وەزارەتە کە بریتین لە وەزارەتەکانی پلاندانان و پەروەردە لەگەڵ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق."
 
گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارە ئەم هەفتەیە کابینەکەی عەلی زەیدی، دەنگی لەسەر بدرێت و تێپەڕێندرێت. 
 
سەبارەت بە کورد چوار پۆستی وەزاریی دیاریکراوە، بریتین لە دەرەوە، ئاوەدانکردنەوە، داد و ژینگە. عەلی شێخ خاڵس، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە ئەم هەفتەیە کابینەکەی عەلی زەیدی دەنگی لەسەر بدرێت و فراکسیۆنی پارتی دەگەڕێتەوە بەغدا بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی پەرلەمان.