چانسی بەربژێرە سەرنەکەوتووەکەی کورد لە سەلاحەددین بۆ گەیشتنە پەرلەمان زیندوو دەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

چاوەکان لەسەر پەرلەمانی عێراقن بۆ دەنگدان لەسەر کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو؛ پەرلەمانتارێکی عێراقیش دەڵێت، ئەگەر ئەو ببێتە وەزیر، ئەوا کوردێک لە پەرلەمان شوێنەکەی دەگرێتەوە.
 
بڕیارە لەم هەفتەیەدا پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، پێشبینی دەکرێت رۆژی چوارشەممە یان پێنجشەممە دەنگ لەسەر کابینەی نوێی حکومەت بدرێت، ئەمەش دوای زنجیرەیەک دانوستاندنی چڕ دێت بۆ یەکلاکردنەوەی پشکی لایەنەکان لە وەزارەت و پۆستە باڵاکاندا.
 
بەدر فەحل، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (لەسەر حیزبی جەماهیر) رۆژی یەکشەممە، 10ی ئایاری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێشتا لایەنەکان لەنێوان خۆیاندا لەسەر شایستە دەستوورییەکان یەکلا نەبوونەتەوە و هیچ لایەنێک بە فەرمی بەربژێری خۆی بۆ پۆستە وەزارییەکان پێشکێش نەکردووە."
 
ئەو پەرلەمانتارە، کە یەکێکە لە سێ بەربژێرەکە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری رۆشنبیری عێراق لەسەر پشکی حیزبی جەماهیری (ئەبوو مازن)، راشیگەیاند، "لەم دوو رۆژەدا لایەنەکان رێککەوتن دەکەن و بە ئەگەری زۆرەوە رۆژی چوارشەممە یان پێنجشەممە دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر کابینە نوێیەکە بەڕێوەدەچێت."
 
رۆژی پێنجشەممە 7ی ئایاری 2026، عەلی زەیدی کارنامەی وەزاریی حکومەتەکەی رادەستی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران لێی بکۆڵنەوە، بەڵام ناوی وەزیرەکانی بۆ کاتێکی دیکە دواخست وەک پابەندییەک بە رێکارە دەستوورییەکان.
 
سعود ساعدی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی حقووق، بە رووداوی گوت، "کۆتایی ئەم هەفتەیە دەنگدەرێت لەسەر بەشێک لە کابینەی حکومەت، جارێ پۆستەکان یەکلا نەکراوەتەوە."
 
کورد کورسییەکی دیکە دەباتەوە؟
 
ئەگەر بەدر فەحل ببێتە وەزیری رۆشنبیری، ئەوا مەلا کەریم شکوور، بەربژێر لە پشکی یەکێتی، دەچێتە پەرلەمان.
 
مەلا کەریم لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای سەلاحەدین 14 هەزار و 843 دەنگی بەدەستهێنابوو و دوای بەدر فەحل هاتبوو.
 
مەلا کەریم شکوور سەبارەت بەو پرسە بە رووداوی گوت: "لە عێراق لە دواساتەکاندا بابەتەکان دەگۆڕدرێن و ناتوانین بە دڵنیاییەوە قسە بکەین، بەڵام ئەگەر پۆستی وەزیری رۆشنبیری بە جەماهیر درابێت و بەدر فەحل ببێتە وەزیر، ئەوا من لە شوێنی ئەو دەچمە پەرلەمان، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوە یەکلا نەبووەتەوە."
 
بەدر فەحل، پێش ئەوەی ببێتە پەرلەمانتار، پارێزگاری سەلاحەددین بوو، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە کە لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە، ئەمەش چانسێکی دایە مەلا کەریم شوکر بۆ ئەوەی لە شوێنی ئەو ببێتە پەرلەمانتار، بەلام دواتر بەدر فەحل پۆستی پارێزگاری بەجێهێشت و چووە پەرلەمان.
 
حکومەتی عێراق لە 23 وەزارەت پێکدێت، کە بەپێی سیستمە باوەکە بەمشێوەیە دابەشکراون: 12 وەزارەت بۆ شیعە،  5 وەزارەت بۆ سوننە، 4 وەزارەت بۆ کورد، یەک وەزارەت بۆ کریستیانەکان.