فراکسیۆنی سۆیانا لەبارەی ئەگەری وەرگرتنی وەزارەتێکی حکومەتی عێراق: مالیکی بەڵێنی دا پشتگیریمان بکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیاناى کریستیان دەڵێ، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، نووری مالیکی بەڵێنی پێداون کە پشتگیرییان بکات بۆ وەرگرتنی وەزارەتێک لە حکومەتی نوێ و دەڵێت: "چەند بەربژێرێکمان بۆ ئەو وەزارەتە هەیە".
کلدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانا لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی دانوستاندنکاری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، داوای وەزارەتێکمان لە حکومەتی نوێ کرد وەک گەورەترین فراکسیۆنی کریستیان لە پەرلەمانی عێراق. لە کۆبوونەوەکەدا نووری مالیکی، ئەندامی شاندەکە و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پێی رایگەیاندین کە بۆ ئەو داواکارییە پشتگیریمان دەکات".
لە پەرلەمانی عێراق پێنج کورسیی کۆتای کریستیان هەن. فراکسیۆنی سۆیانا سێ ئەندامی هەیە کە لە پشکی هەولێر، دهۆک و کەرکووکن.
کلدۆ رەمزی دەڵێ، بۆ هەمان پرس لەگەڵ عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کۆبوونەتەوە و پێی راگەیاندوون کە دیاریکردنی وەزارەتێک بۆ ئەو فراکسیۆنە لە دەستی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدایە.
حکومەتی عێراق لە 23 وەزارەت پێکدێت. بۆچوونى هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەوەیە کە یەکێک لەو وەزارەتانە بدرێتە کریستیانەکان.
سەرۆکى فراکسیۆنى سۆیانا رایگەیاند، چەند بەربژێرێکیان بۆ ئەو وەزارەتە دەبێت ئەگەرى پێیان بدرێ.
کۆبوونەوەی فراکسیۆنی سۆیانا لەگەڵ شاندى دانوستاندنکارى چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 6ی ئایار و لەگەڵ عەلی زەیدی لە 5ی مانگ بووە.